له‌ سلێمانی 27هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت

کوردستان
17:39 - 2024-11-27


بە دروشمی ( لەپێناو شکۆی وشەدا، گەلاوێژ بەردەوامە)، 27هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بەڕێوەدەچێت و چەندین میوانی جیهانی تێیدا بەشداری دەکەن و چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، خەڵاتیش بەسەر یەکەمەکاندا دابەشدەکرێت، سەرۆکی بنکەی گەلاوێژیش دەڵێت: "فێستیڤاڵەکە لەلایەن دامەزراوە داراییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت".

چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن
د. ئیبتسام ئیسماعیل سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "فێستیڤاڵی گەلاوێژ رۆژانی 5 و 6 و 7ـی مانگی 12 دەستپێدەکات، لەئێستادا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵە دەکرێت، بۆ ئەمساڵ چەندین چالاکی هونەری و پێشبڕکێی ئەدەبی و پێشانگامان هەیە".

"هەروەها پێشانگایەکی کتێبمان دەبێت کە وڵاتانی ناوچەکە تێیدا بەشداری دەکەن، پێشانگایەکی کاری دەستیمان هەیە بۆ ژنان، هەروەها لە تەوەرێکی دیکەدا 12 توێژەری کورد و فارس و عەرەب بەشدارن، هەروەها خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و زێڕین و کوردستانمان هەیە پێشکەشی ئەو کەسانەی دەکەین کە لە پێشبڕکێکاندا پلەکانی یەکەم بەدەستدەهێنن"، د. ئیبتیسام وای وت.

بە پشتیوانی یەکێتی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت
رۆژانی 5 تا 7ـی 12ـی 2024، 27 هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی سازدەکرێت.

سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ ئاماژەی بەوەشدا: "فێستیڤاڵەکە نێودەوڵەتی دەبێت و چەندین میوانمان لە وڵاتە جیاجیاکان دەبێت لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها فێستیڤاڵەکە لەلایەن بنکەی رووناکربیری گەلاوێژە بەڕێوەدەچێت و لەلایەن دامەزراوە داراییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی دەکرێت".

فێستیڤاڵی ئەمجارەی گەلاوێژ چەندین چالاکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجامدەدرێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، میوانانی ناوخۆ و دەرەکیش تێیدا بەشداری دەکەن و خەڵاتیش بۆ براوەی پێشبڕکێکان ئامادەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP