ئیسرائیل بڕیار لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان دەدات

کوردستان
18:38 - 2024-11-26

بڕیارە کابینەی کاروباری ئاسایشی ئیسرائیلی کۆبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان. وه‌زیری ئابوری لوبنانیش ڕایگه‌یاند، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، 10ساڵ لوبنانی بردووەتە دواوه‌.

گفتوگۆكان له‌سه‌ر ئاگربه‌ستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا ئاگربه‌سته‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نن.

ئەم راگەیاندنی ئاگربەستە ئەگەر بگات بە ئەنجام، کۆتایی بە شەڕێک دەهێنێت، کە ماوەی ساڵێکە لەگەڵ گروپی حزبوڵادا درێژەی هەیە.

بەپێی ئەو رێکەوتنی ئاگربەستە دەبێت هێزەکانی سەر بە سوپای ئیسرائیل لە تەواوی ئەو خاکانەی لوبنان پاشەکشەبکەن، کە لەماوەی ئەم شەڕەی دوواییدا دەستیان بەسەریاندا گرتووە، هەروەها دەبێت حزبوڵاش هەموو چەکە قورسەکانی خۆی بکشێنێتەوە بەرەو باکور بۆ دیوی ئەودیوی روباری لیتانی، ماوەی 16 کیلۆمەتر لە سنوری ئیسرائیل دووریان بخەنەوە.

سەبارەت بە تێچوی زیانه‌ ئابورییه‌كانی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، ئه‌مین سه‌لام وه‌زیری ئابوری لوبنان ڕایگه‌یاند، زیانەکانمان زیاتر له‌ 20 ملیار دۆلارە. ئاماژەی بۆئەوەشکرد، سێ بۆ پێنج ساڵی قورس لەبەردەم وڵاتەكەیدایە بۆئەوەی ڕزگاری بێت لە كێشەی ئاوارەبوون و دووبارە ئاوەدانكردنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP