بڕیارە سەعات 11:00 ی سبەینێ 2-12-2024 یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەبەشداری کاندیدە سەرکەوتووەکان بەڕێوەبچێت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تێستکراوەو پڕۆتۆکۆڵی پەرلەمان بەهەموو شێوەیەک ئامادەکاری کردووە".
سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان تێستکراوەو پڕۆتۆکۆڵی پەرلەمان بە هەموو شێوەیەک ئامادەکاری کردووە".
وتیشی: "سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان پێش دەستبەکاربوونی کاندیدەکان رێبەرێکی کاری پەرلەمانی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئاشنابوونی ئەندامان بەکاری پەرلەمان و یاسا دانان کە ئەمە یەکەمین جارە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بکرێت هاوکات لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ پێشوازیکردن لە کاندیدە سەرکەوتووەکان".
رۆژی 30ـی 11ـی 2024 ، بەرنامەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمانەوە بڵاوکرایەوە، بەپێی کارنامەکە دانیشتنەکە بەچەند ئایەتێک لەقورئانی پیرۆز و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستپێدەکات، دواتر بەتەمەنترین کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ سوێندخواردن و بەڕیوەبردنی دانیشتنەکە.
هەر بەپێی کارنامەکە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکان بانگهێشت دەکرێن تاوەکو سوێندی یاسایی بخۆن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا کە رۆژی 20ـی 10می 2024 بەڕێوەچوو، توانی 23 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کە لەبازنەی سلێمانی 15 کورسی و لەبازنەی پارێزگای هەولێر 6 کورسی و لەبازنەی دهۆک 1 کورسی و لەبازنەی هەڵەبجەش 1 کورسی بوو.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP