وەزیری پێشمەرگە: دوا مۆڵەت بۆ یەكخستنی پێشمەرگە كۆتایی 2026ە

کوردستان
23:16 - 2024-12-19

وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: هیچ بەربەستێكی حەتمی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە نییە، لەبارەی داعشیشەوە دەڵێت هێشتا كۆتایی بە مەترسییەکانی بۆسەر سەقامگیری و ئارامی ناوچەكە نەهاتووە.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا ئاشكرای دەكات: هیچ بەربەستێك بۆ پڕۆسەی یەكخستنی سەرجەم یەكەكانی پێشمەرگە نەماوە و هێزەكانی هاوپەیمانانیش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پشتیوانی ئەم هەوڵانە دەكەن.
 وەزیری پێشمەرگە وتیشی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان یەكێتی و پارتی هەیە بۆئەوەی تاکۆتایی ساڵی 2026 هێزی پێشمەرگە یەك بخرێت.
هەر لەو دیمانەیەدا شۆڕش ئیسماعیل باسی رۆڵی پێشمەرگەی لە رووبەڕووبووەنەوەی داعشداکرد و رایگەیاند كاتێك داعش وەك هەڕەشەیەكی گەورە سەریهەڵدا، بەهەموو هێزی خۆمانەوە روبەڕووی بووینەوە و قوربانییەكی زۆریشماندا.
وتیشی زیاتر لە 10 هەزار بریندار و 2 هەزار شەهیدمان هەبوو و توانیمان داعش تێكبشكێنین.
لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعشەوە وەزیری پێشمەرگە وتی داعش هێشتا توانای ئەوەی هەیە وەك هەڕەشەیەكی بەرچاو سەرهەڵبداتەوە و دۆخی ناوچەکەش هەلومەرجێكی بۆ بەهێزبوونەوەی رێکخراوەکە رەخساندووە. بۆیە هێشتا زۆری ماوە كۆتایی بە مەترسییەکانی بۆسەر سەقامگیری و ئارامی ناوچەكە بێت.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP