د. ئەحمەد كەركوكی : پیرۆزباییکردن لەبۆنەکانی جگە لەمسوڵمان درووستە

کوردستان
23:08 - 2024-12-25

دكتۆر ئەحمەد كەركوكی سەبارەت بە پیرۆزبایكردن لە بۆنەی ئاینەكانی دیكە ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتووە :

 

پیرۆزباییکردن لەبۆنەکانی جگە لەمسوڵمان درووستە، ناکرێ ئەوان باشترین هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکەن کەچی ئێمە بەخراپترین هەڵسوکەوت وەڵامیان بدەینەوەو پاشان بڵێین دینی ئیسلام باشترینەو فەرموو قبوڵی بکەن!

بنەڕەت لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەهلی کیتاب و جگە لەوانیش دوو ئایەتە لە قورئانی پیرۆز لە سورەی (الممتحنة)

{لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ * إِنَّمَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ قَاتَلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَأَخْرَجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ وَظَاهَرُوا عَلَى إِخْرَاجِكُمْ أَنْ تَوَلَّوْهُمْ وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ} (الممتحنة:8-9).

واتە: خوا رێتان ناگرێ لەو کافرو بێباوەڕانەى جەنگیان دژ نەکردوون لە ئایینداو، لە ماڵ و زێدى خۆتان دەریان نەکردوون – وەک خوزاعە- کە چاکەیان لەگەڵ بکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکەن بە دادگەریى [ إِنَّ اللَّـهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ ] بەڕاستیى خواى دادپەروەر، خەڵکانى دادپەروەرى خۆش دەوێ.

بەڵکو خوا تەنیا لەوانە ڕێگریتان دەکات کوشتاریان لێکردوون و لە زێدو ماڵى خۆتان دەریانکردوون و پشتیوانى یەکتریانکرد لەسەر وەدەرنانتان کە دۆستایەتیان بکەن و هەر کەسێک دۆستایەتیان بکا، ئەوە ئەوانە ستەمیان کردووە بەو کارەیان، چونکە دۆستایەتیى و پشتیوانى لە نەیارانى دینى خوا دژ بە موسڵمانان گەورەترین تاوانە.

کەوابوو:
ئەوانەی جەنگیان دژبەئێمە ڕانەگەیاندووەو لەماڵ و حاڵی خۆمان دەریان نەکردووین و دژایەتیمان ناکەن پەروەردگار ڕێگری لێنەکردووین چاکەیان لەگەڵدا بکەین و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

ئەگەر دیقەت بدەن پەروەردگار باسی (القسط)ی کردووە واتە دادپەروەری، هەر خۆیشی فەرمووی {إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ} خوا دادپەروەرانی خۆش دەوێت، ئەمە مانای ئەوەنیە لەبەر ئەوەی مسوڵمان نین ستەمیان لێبکەین یاخود مافیان بخۆین بەڵکوو پەروەردگار دەفەرمێ: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ} (المائدة:8).

واتە: ئەی گەلی خاوەن باوەڕ! هەمیشەو بەردەوام هەوڵ بدەن کە لەبەرخوا دادگەرو راست و، پابەندى گشت بڕیارو فەرمانەکانی بن بە دادگەرانە شایەتى بدەن و، بەلای هیچ لایەکدا مەبڕن، تەنانەت منداڵەکانیشتان. 

(نوعمانی کوڕی بەشیر) دەڵێ: باوکم هەدیەو بەخششێکی دامێ، پاشان دایکم (عەمرەی کچی رەواحە) گوتی: هەتا پێغەمبەری خوا بەم بەخششە، ئامادەو ئاگادار نەبێـت، من ڕازی نابم  و نامەوێ، پێغەمبەریش هات تا بزانێ و سەیری بکا، ئەوسا بەباوکمى فەرموو: مەگەر هەر ئاوا بەشی هەموو منداڵەکانت داوە؟ گوتی: نەخێر! پێغەمبەریش فەرمووی: ((إتَّقُوا اللهَ واعْدِلُوا في أولادِكُمْ..، إنّي لا أشهَدُ على جَوْرٍٍ))

سەرچاوە (صحيح مسلم، كتاب الهبات، باب كراهة تفضيل بعض الأولاد في الهبة، حديث: ‏٣١٤٠‏. صحيح البخاري، كتاب الشهادات، باب: لا يشهد على شهادة جور إذا أشهد، حديث: ‏٢٥٢٨‏). 

لەریوایەتێکى تردا هاتووە: ((أكُلَّ ولَدِكَ نَحَلْتَ مِثْلَهُ)) واتە: لە خوا بترسن و لەگەڵ گشت منداڵەکانتاندا راست  و دادگەربن، بێگومانبە من ئامادەى هیچ جۆرە کارێکى ستەم و ناهەقیی نابم، واتە: دەبێ وەکو بەئەندازەى ئەمە، بەهەموو منداڵەکانت بدەیت، ئەگینە ستەم و ناهەقیە، نوعەیم دەڵێ: ئیتر بابم گەڕایەوەو ئەوکارەى هەڵوەشاندەوە. 

سەرچاوە: 
ـــ (صحيح البخاري، كتاب الهبة وفضلها والتحريض عليها، باب الهبة للولد، حديث: ‏٢٤٦٧‏)،
ـــ فتح الباري: ٥/٢٥٠

[وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَىٰ أَلَّا تَعْدِلُوا ۚ ] خەشم و قین و دوژمنایەتی هیچ کەس و هیچ لایەک، واتان لێ نەکات بەعەداڵەت رەفتار نەکەن [اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَىٰ ۖ ] دەبێ لەگەڵ مەردم دادگەر بن، هەرچەندە ئەوان ناعەدالەت و ناڕێکیش بن، چونکە بێگومان رەفتارى دادگەریى  و یەکسانى بە تەقواوە نزیکترەو پارێزگارى سنوورەکانی خواى پێدەکرێت [وَاتَّقُوا اللَّـهَ ۚ إِنَّ اللَّـهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ ] و هەر لەخوا بترسن، چونکە بەڕاستیی هەرکارێ بکەن، خوا ئاگادارە لێى .

کەوابوو:
نابێت ئەوان کە بڕوایان بەدینی ئێمە نیە وامان لێبکات دادپەروەر نەبین لەگەڵیان {اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ} بێ گومان دادپەروەری نزیکترین ڕێگەیە بۆ نزیکبوونەوە لەخوا.

ئا ئەمەیە فەرمانی ئیسلام بۆ ئێمەی مسوڵمان، دادپەروەری لەگەڵیان و چاکە بۆیان، جا وشەی (البرّ) "چاکە" لەسەرووی (العدل) "دادپەروەری"ـەوەیە چونکە دادپەروەری ئەوەیە هەموو مافێک بۆ خاوەن ماف بگێڕیتەوە، بەڵام چاکە ئەوەیە لەسەرووی مافی خۆی زیاتری پێ ببەخشی و جارجار لەبەشێکی مافی خۆشت خۆش بیت، ئەمە چاکەیە، ئیحسانە، خوای تەعالاش فەرمانمان بەدادگەری و ئیحسان پێ دەکات: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ} 
(النحل:90) 

واتە:  بێگومان خوا فەرمان بەدادگەریى و چاکەکردن لەگەڵ تەواوى دروستکراوەکانیدا دەدا، تەنانەتى لەکاتى تۆڵە سەندنیشدا، وە لە هەموو کارێکى دزێوو خراپەو ستەم و لەسنوور دەرچوون ڕێ دەگرێ.

کەوابوو:
خوای تەعالا ڕێگری لەدادگەری و چاکەی ئێمە بەرامبەر بەوان نەکردووە بەڵکوو هەمان ئەو وشەیەی بەکارهێناوە کە بۆ چاکەی دایک و باوک بەکاریهێناوە، وەکوو چۆن لەفەرموودەدا هاتووە کاتێک پرسیار لەپێغەمبەری خوا دەکرێ صلی الله علیه وسلم باشترین کارێک چیە؟ فەرمووی نوێژکردن لەکاتی خۆیدا گوتی چیتر؟ فەرمووی چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوک گوتی چیتر فەرمووی کۆششکردن لەپێناوی خوا.

بەڵێ پێشینی چاکی ئێمە ئاوا بۆ ئەم بابەتەیان دەڕوانی:

 ئەنەسی کوڕی مالیک ڕەزای خوای لەسەر دەگێڕێتەوە گەنجێکی جوولەکە خزمەتی پێغەمبەری خوای دەکرد دروودی خوای لەسەر بێت لەپڕ نەخۆشکەوت، پێغەمبەری خواش سەردانی کرد و لەپشتی سەرەوە دانیشت پێی گوت مسوڵمان دەبیت؟ ئەویش تەماشای باوکی کردو باوکی گوتی بەقسەی ئەبوقاسم بکە ڕۆڵە، ئەویش مسوڵمان بوو پێغەمبەری خواش دروودی خوای لەسەر جێیهێشتن و گوتی "الحمد لله الذي أنقذه بي من النار" سوپاس بۆ ئەوخوایەی لەسەر دەستی منی لەئاگر ڕزگاری کرد.

تەماشای عەبدووڵای کوڕی عەمڕ بکەن کاتێک مەڕێک سەردەبڕێ گوتی بەشی دراوسێ جووەکەمان دراوە؟ چون من گوێم لەپێغەمبەری خوا بووە دروودی خوای لەسەر "ما زال جبريل يوصيني بالجار، حتى ظننت أنه سيورثه" هێندە جوبریل فەرمانی چاکەی بەرامبەر دراوسێ پێکردم وامزانی دراوسێ میراتی دراوسێکەی دەبات.

لەهەردوو کتێبی بوخاری و موسلیم دا هاتووە کە ئەسمای کچی ئەبووبەکر ڕەزاو ڕەحمەتی خوا لەخۆی و باوکی گوتی: کەڕەتێک دایکم هات بۆلام جارێ مسوڵمان نەببوو، منیش عەرزی پێغەمبەری خوام کرد دروودی خوای لەسەر دایکم هاتووەو مسوڵمان نیە چیبکەم؟ فەرمووی چاک بە لەگەڵیدا.

هیچ کاتێک ئیسلام ڕێگری لەچاکەکردن بەرامبەر هاوڕێ و دۆست و دراوسێی نامسوڵماندا ناکات، گریمان جەنابت ئافرەتێکی مەسیحی خێزانتەو لەدینی ئێمەشدا ئەمە زۆر ئاساییە، ماڵە غەزوورانت لەهەموو بۆنە ئاینیەکانتدا پیرۆزباییت لێدەکەن ئایا ڕێی تێدەچێ لەبۆنەکانی ئەواندا هەڵوێستت نەبێت؟ چ ڕێگریەک هەیە ئەگەر وەکوو موجامەلە یاخود ئەرکی خزمایەتی بێت سڵاو و پیرۆزباییان لێبکەیت؟ 

خوای پەروەردگار دەفەرمێ ئەگەر سڵاوێکتان لێکرا بەباشترین شێوە یاخود وەکوو خۆی سڵاوەکە بسەننەوە.

ئیمامی شەعبی بەجوولەکەیەکی گوت: عليك السلام ورحمة الله، پێیان گوت مامۆستا چۆن بەجوویەک دەڵێی ڕەحمەتی خوات لێبێت؟ گوتی: ئەدی لەڕەحمەتی خوادا ناژی؟

ناکرێ ئەوان باشترین هەڵسوکەوتمان لەگەڵدابکەن کەچی ئێمە بەخراپترین هەڵسوکەوت وەڵامیان بدەینەوەو پاشان بڵێین دینی ئیسلام باشترینەو فەرموو قبوڵی بکەن!

Dr.Ahmed kirkuki - د.ئەحمەد کەرکوکی

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP