دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێکردنی دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروباری ئایینی دوادەخات.
ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگا بوو لەسەر ئەو دوو سکاڵایەکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی خالید مستەفا حوسێن تۆمارکراون، ساکاڵاکار لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داوای کردووە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەڵبوەشێندرێتەوە، بەو پێیەی دژی پێنج مادەی دەستووری عێراقە و لە بری ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروست بکرێن کە لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.
لە سکاڵاکەی دیکەشدا داوای لە دادگای کردووە، وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بزانێت و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوی دامەزراوەی شەهیدان پێکبهێنن کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بێت و لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکی بۆ دەربکرێت. لەم سکاڵایەدا داوا کراوە وشەی "ئەنفالکراوان" لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەی ئێستا لابدرێت، بەوپێیەی بەگوێرەی سکاڵاکە "وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەی حوکمەکانی ئایینی ئیسلامە.
دواخستنی دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاش لەسەر داوای پەرلەمانی کوردستان بووە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP