دوای هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی دیكە لە بیابانەكانی سەماوە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە :
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان...
کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و جینۆساید...
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان...
تاوانەکانی سەدەی حکومەتی دەسەڵاتی فاشیستی بەعسی رووخاو و ستەمکاری و دڕەندەیەتی بەرانبەر بە خەڵکی سڤیلی کوردستان برینێکی ساڕێژ نەبووە، هێشتا ئاسەواری لە ناو هەموو خێزانێکی کورد ماوە و رۆژانە دەکولێتەوە و ئازەرەکانی نەوە بە دوای نەوە دەگوازێتەوە.
ناوبەناو گۆڕێکی دیکە دەدۆزرێتەوە سوێدەکرێت بە جەرکی خێزان، بنەماڵەیەکی تر، ئەوەیش لە ژێر ناوی ئەنفال و شاڵاوەکانی ئەنفالدا بە هەزاران ژن، مناڵ، پیر و لاو لە زێدی خۆیان لە کوردستان راگوێزران بەرەو بیابانەکانی باشوری عیراق لەوێ زیندەبەچاڵ کران بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤی بە دڕندانەترین شێوە بەزیندووی و بەبەرچاوی یەکدیەوە زیندە بەچاڵی کران.
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠٢٤/١٢/٢٢ گۆڕێکی دیکە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدرایەوە. دیمەنەکانی ناو گۆڕەکان ناخ هەژێنن، قوربانییەکان هەموو کوردن و لە شاڵاوەکانی
ئەنفالدا لەوێ زیندە بەچاڵ کراون، کە هیچ مرۆڤێک لەئاست ئەم تاوانە قێزەونە ناتوانێت بێدەنگ بێت ناخی مرۆڤەکان ڕادەچڵەکێنێت، بەداخەوە پرسەی خستەوە ناو هەموو ماڵێکی خاوەن ویژدان خەندە و خۆشییەکانی رەواندەوە.
ئێمە لە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە پێویستی دەزانین جارێکی تر هاوخەمی بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالی کوردستان دەرببڕین و پرسە دەگێڕین لەگەڵ خەڵکی خۆمان و قەبارەی گەورەیی ئەم تاوانە هەرگیز لە یادناکەین، دۆزینەوەی ئەم گۆڕەش بۆ هەمووان ئازار و مەینەتییە.
لەم نێوەندەشدا هەوڵەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم، خانمی یەکەمی عیراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە بایەخ بەم پرسە و شەو رۆژی خستوتەسەر یەک بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕان بەدوای ونبووەکانی دیکە.
شاڵاوەکانی ئەنفال بە چەند قۆناغێک لەلایەن حکومەتی بەعسی رووخاو قوناغ بە قۆناغ ئەنجامدرا زیاتر لە ( ١٨٢٠٠٠ ) مرۆڤی کورد بوونە قوربانی.
بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامیکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقییەکان، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی رژێمی پێشوو رۆژ لە دوای رۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتووە".
وێڕای سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ ئەم پەیامە پڕجوانییە، داواکارین بەڕێزیان قەربووی کەسوکاری ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بگرێتە ئەستۆ، ئەرکی یاسایی و مرۆڤی خۆی جێبەجێ بکات.
ئەوەی پێویستە تاوانی ئەنفال لەسەر ئاستی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بناسرێت، پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە هەرچی پێویستە بۆ گەڕان بەدوای گۆڕە ونبووەکانی دیکەش کاری پێویست ئەنجام بدات.
دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و سەربەرزی بۆ کەسوکارەکانیان.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر،
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP