بەرێوەبەری باخچەکان: سلێمانی سەوزترین شاری عیراقە

کوردستان
14:38 - 2024-12-25


رێژەی سەوزایی لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانی لەستانداردی جیهانیی نزیکدەبێتەوە و بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانیش دەڵێت:"سلێمانی سەوزترین شاری عیراقە".

بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:"بەپێی ئەو داتاو پێوەرە جیهانییانەی کە هەیە، پارێزگای سلێمانی سەوزترین پارێزگای عیراقە و ئامانجمانە ئەو رێژەیە بەرزتربکەینەوە".

 بەهرۆز سالار وتی:"لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانیدا رێژەی سەوزایی گەیشتووەتە سەروو ١٩٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستە رێژەکە لە ٢٠٪ بێت و هەوڵەکانیشمان بۆ ئەوەیە لەساڵی ئایندەدا ستانداردی جیهانی تێبپەڕێنین"

بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی وتیشی:" لەکارنامەماندا هەیە لەساڵی ئایندەدا چەندین باخچەی نوێ لەناو سەنتەری پارێزگای سلێمانیدا سەوز بکەین و لەئیستادا زیاتر لە ٦ باخچە کە رووبەرێکی فراوانیان هەیەو لەناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانیدان لەهەوڵی سەوزکردنیداین، بەمەش رێژەی سەوزایی جارێکی دیکە لەپاریزگای سلێمانی بەرزدەبێتەوە".

بەپێی زانیارییەکانی (PUKMEDIA)ش بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، بەردەوام چاودێریی سەوزایی و نەمامەکانی باخچە و بلوارەکانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی دەکات و مانگانە چەندین باخچە و بلوار لەناو شارەکە نۆژەندەکاتەوە و نەمامی نوێ دەڕوێنێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP