لە پێشوازیی ساڵی 2025دا، گەشتیارێکی زۆر روویانکردووەتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت، شوێنە گەشتیارییەکان پڕبوون لە گەشتیار.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تا ئێستا دیار نییە چەند گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان پڕبوون، تەنانەت لە زۆرێک لە ناوچە گەشتیارییەکان شوێن نەماوە".
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر دەستەی گەشتوگوزار رایانگەیاندبوو، لە ماوەی پشووی سەری ساڵدا پێشبینی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار دەکەن.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان، سێ ھەزار و 100 شوێن و ناوەندی گەشتیاریی ھەیە، کە خزمەتگوزاریی پێشکەشدەکەن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن، بەجۆرێک سەرەکیترینیان پێکهاتوون لە 10 شاری یاری، هەزار و 303 رێستۆرانت و کافتریا، 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری و 460 ھۆتێل و 282 مۆتێل.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP