ویلایەتە یەكگرتووەكان هیوادەخوازێت سوریا پرۆسەی دیموكراسی “بە زووترین كات” دەستپێبكات، ئەمەش پاش ئەوەی سەرۆكی ئیدارەی نوێی وڵاتەكە رایگەیاند قۆناغی گواستنەوە كاتێكی زیاتری پێویستە.
بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاند، واشنتن هیواخوازە هەڵبژاردنەكانی سوریا ئازاد و بێگەرد بێت و، بەشێوەیەكی روون و بەرفراوان ئەنجامبدرێت”.
وتیشی، “هیواخوازین ئەو مەرجانە بە زووترین كات دەستەبەربكرێن”.
لێدوانەكە دوای ئەوە هات ئەحمەد شەرع، سەرۆكی دەسەڵاتی نوێی سوریا لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، هەڵبژاردن تا چوار ساڵی دیكە ئەنجام نادرێت، راستاندنی دەستووری نوێش تا سێ ساڵ ئەنجام نادرێت.
بە وتەی ئەو، ئەو خشتە كاتییانە هۆكارەكەی “پێویستیی ئەنجامدانی سەرژمێرییەكی گشتیی دانیشتووانە، ئەمەش ئەستەمە لە سایەی ئەو قەیرانە مرۆیی و ئاوارەبوونە فراوانەی لە وڵاتەكەدا هەیە”.
بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەكانی سوریا بە نزیكەی 7.2 ملیۆن دادەنرێت، لەكاتێكدا 6.2 ملیۆن پەنابەری سوری لە دەرەوەی وڵاتەكەدان.
بەرپرسە ئەمریكییەكە دووپاتیشیكردەوە، “دەمانەوێت سوریایەكی گشتگیر ببینین كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان بۆ سەرجەم سورییەكان بگرێت، لەنێویشیاندا ژنان و گروپ و پێكهاتەكان”.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP