دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی داوای جێبەجێکردنی تەوتین و دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن و داوا لە پەرلەمانتارانی عیراق دەکەن فشارەکانیان بۆسەر هەردوو حکومەت زیاد بکەن بەمەبەستی جێبەجێکردنی تەوتین کە بڕیاری دادگای فیدراڵییەو پێویستە جێبەجێ بکرێت، دەشڵێت: "بەداهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیەی کەلە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە، دەتوانرا مووچەی تەواوی ساڵی رابردوو دابەشبکرێت"، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "تەنها تەوتین کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەکات".
دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: "بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندووە، بەداهاتی ناوخۆ لەگەڵ ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە، حکومەتی هەرێم دەیتوانی مووچەی هەر 12 مانگەکەی ئەمساڵ بەسەر مووچەخۆراندا دابەشبکات، لەکاتێکدا 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار لە ئەمساڵدا بۆ مووچە لە عیراقەوە بۆ هەرێم نێردراوە".
"داوا لە پەرلەمانتارانی عیراق دەکەین فشارەکانیان بۆ سەر هەردوو حکومەت زیاد بکەن، کە تەوتین جێبەجێ بکرێت کە بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بەمەش مووچەخۆرانی هەرێم چیتر مووچەکانیان دواناکەوێت و لەلایەن هەردوو حکومەتەوە یاری بە چارەنوسی داراییان ناکرێت، لەکاتێکدا هەتا ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم تەنها توانیویەتی 10 مووچەی ساڵی رابردوو دابەش بکات"، دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وای وت.
بەداهاتی هەرێم و پارەی عیراق دەتوانرا مووچەی 12 مانگ بدرێت
ئەوەش دەڵێت: "بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردوەتەوە مانگانە 996 ملیار دینار بۆ مووچە پێویستە، لەکاتێکدا حکومەتی عیراق 10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری ناردووە، لەگەڵ ئەو 430 ملیار دینارەی کەوەک مناقەلە دەخرێتە سەر مووچە نزیکەی 11 ترلیۆن و 200 ملیار دینار دەکات، ئەمە جگە لەوەی هەربەپێی ئامارەکانی دارایی هەرێم، داهاتی ساڵی رابردووی هەرێم زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار بووە، بەمەش دەتوانرا مووچەی سەرجەم مانگەکان دابەشبکرێت، نەک تەنها 10 مانگ".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەیاندا دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاماژەی بەوەدا: "فشارەکانمان بۆ جێبەجێحکردنی تەوتین بەردەوام دەبێت، چونکە تەنها تەوتین دەتوانێت مووچە لەناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جیابکاتەوەو زامنی بکات".
نوێنەرێک: بەبێ تەوتین کێشەی مووچە ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "چارەسەرنەكردنی كێشەی رادەستنەكردنی داهاتی نانەوتی و جێبەجێنەكردنی تەوتین، وا دەكەن كێشەی مووچە لەمە قووڵتر بێتەوە، ئەگەر تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەكرێت، ئەوا كێشەی دواكەوتنی مووچە لەمساڵیشدا بەردەوام دەبێت و چارەسەر نابێت".
"وەك فراكسیۆنی یەكێتی سوورین لەسەر جێبەجێ كردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتین و بۆ ئەو مەبەستەش ئیمزای 150 پەرلەمانتارانی عیراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانمان رادەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق كردووە"، كاروان یاروەیس وای وت.
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە سبەینێوە یەک شەممە 5-1-2025 بڕیاریداوە دەستبەدابەشكردنی مووچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو بکات، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم داوای جێبەجێکردنی تەوتین و پێدانی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووش دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵی پار مووچەخۆرانی هەرێم تەنها 10 مووچەیان وەرگرت، بۆ ئەمساڵیش مووچەی مانگی 12یان نادیارە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP