رووفاتەکانی تەلشێخە رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە

عێراق
13:21 - 2025-01-13

تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و نوێنەری خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رایانگەیاند:"دڵنیایی دەدەینە سەرجەم کەسوکاری سەربەرزی جینۆسایدی ئەنفال، کە تیمەکانمان بە شێوەیەکی هونەری و زانستی کارەکانیان دەکەن و پاش پشکنینی ( DNA ) و یەکلابوونەوەی هەر رووفاتێک کە بۆ چ خێزانێک دەگەڕێتەوە، لە مەراسیمێکی شایستەدا رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکەینەوە".

لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پەری نوری نوێنەری خانمی یەکەمی عیراق تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رایانگەیاندووە :" تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆرەبەکۆمەڵەکان لە بەرواری ١٤-١٢-٢٠٢٤ ـەوە بە چاودێری رێکخراوی ( ICMP ) نێودەوڵەتی و نوسینگەی خانمی یەکەمی عیراق دەستیان کردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخییە لە بیابانەکانی سەماوە، کە بە شێوەیەکی زانستییانە رووفاتەکان هەڵدەگیرێتەوە لەپاش تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاساییەکان بۆ رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە، کە تائێستا ١٠٥ رووفات هەڵگیراونەتەوە و ١١٥ بەڵگەش دۆزراونەتەوە".

هەر لەڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەكراوە:"لە ئێستادا تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ هەڵگرتنەوەی سەرجەم رووفاتەکانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکە، هەر بۆیە سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن رووفاتەکان سەر بە ناوچەیەکی دیاریکراو بن، چونکە ئەو ناسنامانەی دۆزراونەتەوە ژمارەی سەرناسنامەکان نەبێت، هیچ نووسینێکی تریان پێوە نەماوە".

"پاش هەڵگرتنەوەی سەرجەم رووفاتەکان دەست دەکرێت بە رێکارە یاساییەکانی دیکە، کە ئەویش بەدواداچوونە بۆ ژمارەی سەر ناسنامەکان تاوەکو بزانرێت خەڵکی چ ناوچەیەکن، هاوکات بەبێ پشکنینی ( DNA ) هیچ رووفاتێک رادەستی کەسوکاریان ناکرێنەوە، تاوەکو ئەوکاتەی بەتەواوی ئەنجامی پشکنینەکە یەکلایی نەکرێنەوە و ناسنامەی رووفاتەکە ئاشکرا نەبێت"، لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە.

روونیشکراوەتەوە:"هەموو رێکارە یاسایی و زانستی و پزیشکییەکان دەگرینەبەر بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ رێکارەکان جێبەجێبکرێن، بۆیە جارێکی تر دڵنیایی دەدەینە سەرجەم کەسوکاری سەربەرزی جینۆسایدی ئەنفال کە تیمەکانمان بە شێوەیەکی هونەری و زانستی کارەکانیان دەکەن".

رۆژی ٢٢ی ١٢ ی ساڵی رابردوو بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، گۆڕێكی بەكۆمەڵ كە ژن و منداڵ بوون لە بیابانی تەلشێخەی پارێزگای سەماوە دوای هەفتەیەك لە كاری بەردەوام و بەدواداچوونی چڕ دۆزرایەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەسەر داواو ئەركی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق تیمێكی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ پشكنینی DNA لەكەسوكاری شەهیدان هاتنە هەرێمی كوردستان، هاوکات لە ساڵی رابردوودا پرۆژەی وەرگرتنی سامپڵی خوێنی تاقانەکانی ئەنفال لە هەرێمی کوردستان بە چوار قۆناغ دەستیپێکرد، کە لەشاری چەمچەماڵ بەقۆناغێک و کەلار بە دوو قۆناغ و کۆیە بە یەک قۆناغ سامپڵەکانی تێدا وەرگیران.

وه‌رگرتنی سامپڵی خوێن پڕۆسه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌و روفاتانه‌ی له‌مه‌وبه‌ر له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌رهێندراون و سامپڵیان لێ وه‌رگیراوه‌ تا له‌ رێگای به‌رواردی تاقیگه‌یی كاری به‌راوردكردنیان له‌سه‌ر بكرێت.

دوای روخانی رژێمی بەعس ساڵی 2003 لەچەند گۆڕێكی بەكۆمەڵدا ژمارەیەك روفاتی ئەنفالكراو لەناوچە جیاوازەكانی عیراق دەرهێنراونەتەوەو لەپزیشكی دادوەری نمونەی ئێسكیان لێوەرگیراوە تاكو لەداهاتوودا بە بەراوردكردن لەگەڵ سامپڵی خوێنی كەسوكاری ئەنفالكراوان و بەگوێرەی ئەو كۆدەی لەسەر كێلی گۆڕەكانە دوای پشكنینی تاقیگەیی روفاتەكان بناسرێنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP