رۆژی دوو شەممە ١٣-١-٢٠٢٥ بە سەرپەرشتی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدین، و ئامادەبوونی سەرکردایەتی سنووری کەرکوک-سەڵاحەدین لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر بارودۆخی ناوچەکە و عیراق، هەرێم و پرسی خزمەتگوزاری لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بە تێر و تەسەلی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بە تایبەتیش کار و هەنگاوە ئەرێنییەکانی ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکوک کە بەبێ جیاوازیی خزمەت بە سەرجەم چین و توێژەکانی پارێزگاکە دەکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە؛ کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جگە لەو پرسانەی کە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، هاوکات بە وردیی کار لەسەر ئەو بەڵێن و کارنامانەش دەکات کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگدەر و هاووڵاتییانیی پارێزگاکەی داوە و هیچکام لەو بەڵێنانە فەرامۆش ناکات، و بە قۆناخ هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پرسی رێکخراوەیی و هەنگاوەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە ئاڕاستەی یەک گوتاری و بەهێزبوونی پێگەی کورد و یەکێتیی لە ناوەندەکانی بڕیار، بە گرینگییەوە باسیان لەبارەوە کرا، و تەئکید کرایەوە؛ کە یەکێتیی بە هیچ شێوەیە سازش لەو پرسانە ناکات کە رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان هەیە. هەروەک پرسی گەشەسەندن و پەرەپێدانی زیاتری ئۆرگان و دەزگاکانی یەکێتیی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
بەسەرپەرشتی ئاسۆ مامەند سەرکردایەتیی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP