سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌: یه‌كێتی ده‌یه‌وێت حكومه‌تێكی سه‌قامگیر پێكبهێنرێت

کوردستان
13:31 - 2025-01-14

 
وته‌بێژی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و تائێستا له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا باس له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌ حكومییه‌كان نه‌كراوه‌، به‌ڵام یه‌كێتی ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌  كه‌سی شیاو بۆ پۆسته‌كان دیاریی بكرێن له‌پێناو خزمه‌تی خه‌ڵكدا.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی (ی.ن.ک) رایگه‌یاند: ئێستا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كانی یه‌كێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ و كاره‌ هونه‌رییه‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ن، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رپرسیارێتییه‌كان و شێوه‌و سیاسیه‌تی پێكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسانه‌ی  ده‌بێت كاری له‌پێشینه‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم بێت، دوای ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركه‌ش ئه‌و كات باس له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ده‌كرێت، بۆیه‌ تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆ له‌سه‌ر پۆسته‌كان له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی نه‌كراوه‌ ".

وته‌بێژی یه‌كێتیی، وتیشی راسته‌ كات گرنگه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، به‌ڵام گرنگتر  ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تێكی سه‌قامگیر پێكبهێنرێت ببێته‌ ئارامی خۆشگوزه‌رانكردنی بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: خه‌ڵكی كوردستان چیتر ئارام ناگرن له‌سه‌ر دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و پێویسته‌ له‌كابینه‌ی داهاتوودا كه‌سی شیاو له‌شوێنی شیاو دابنرێت، بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌ك بتوانین خزمه‌تی زیاتر پێشكه‌ش به‌خه‌ڵك بكه‌ین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP