دۆناڵد تڕەمپ و میلانیای هاوسەری لە ولایەتى
فلۆریداوە گەیشتنە واشنتن و بڕیارە سبەینێ مەراسیمی دەستبەکاربوونی تڕەمپ و
ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان جۆ بایدن و دۆناڵد تڕەمپدا بەڕێوەبچێت.
تڕەمپ و هاوسەرەکەی سەعات ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ
گەیشتنە واشنتن، سەرەڕای ئەوەی شەپۆلێکی سەرمای سەخت ویلایەتەکەی گرتووەتەوە،
بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان ئاهەنگگێڕان دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
رێورەسمی دەستبەکاربوونەکە کە بڕیار بوو لە
باخچەی باڵەخانەی کۆنگرێسدا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی شەپۆلی سەرماوە رێورەسمەکە
دەبرێتە ناوەوەی باڵەخانەکە، ئەوەش تاڕادەیەک گرفتی دروستکردووە، چونکە جێگای ئەو
ژمارە زۆرەی میوان نابێتەوە لەناو باڵەخانەکەدا.
ژمارەی ئەو میوانانەی بڕیارە لە رێورەسمی
دەستبەکاربوونەکەی دۆناڵد تڕەمپدا بەشدار بن دەگاتە ٢٢٠ هەزار کەس و بڕیارە
ژمارەیەکیان ببرێنە باڵەخانەی کاپیتۆڵ و لەوێوە بەشێوەی راستەوخۆ بینەری
رێورەسمەکە بن. کە ئەمەش لەدوای ساڵی ١٩٨٥ و دەستبەکاربوونی رۆناڵد رێگانی ٤٠ـەم
سەرۆکی ئەمریکا یەکەمجارە ئەو رێورەسمە گەورەیە لە شوێنێکی داخراودا ئەنجام بدرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP