لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی دا دەنگیدا لەسەر ماددەی 12 لە هەمواری یاسای بودجە، کەتایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتیهەرێمی کوردستان، ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنهكه دەنگ لەسەر ئەو ماددەیە بدرێت و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە".
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە 19-1-2025 لەکۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەنگماندا بە پرۆژە یاسای هەمواری یاسای بودجە ( مادەی دوانزە/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا دەنگی لەسەر بدرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە".
"بەپێی هەموارەکە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر (کە لەماوەی 60 رۆژدا دەستنیشاندەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا) خەملاندنێکی دادپەروەرانە بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بکات"، د. نەرمین وای وت.
بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی وڵاتان بکات، نەوتەکەی هەرێم لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵەوە بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاربهێنرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP