سەرۆككۆماری عیراق: بەبێ ئاشتبی هەمومان ئازار دەچێژین

عێراق
15:43 - 2025-07-02


د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق، ئاشكرایدەكات، كە فكری داعش وەك هەڕەشەیەكی بەردەوام ماوەتەوە و دەڵێت:"رووبەڕووبوونەوەی فكری داعش ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەو نابێت بەهیچ شیوەیەك رێگە بدرێت داعش بوونی هەبێت و چالاكی بكات".

لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رادیۆی نیشتمانیی ئیسپانیا، سەرۆككۆماری عیراق ئاماژە بە شوێنی داعش دەدات و دەڵێت: "بەشێك لە شانەكانی داعش لەسەر سنووری نێوان عیراق و سوریا ماونەتەوە و لە نزیكەوە هاوكاری حكومەتی سوریا دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە".

د.لەتیف رەشید لە چاوپێكەوتنەكەیدا باسی نیگەرانییەكانی جەنگ لە هەندێك ناوچەی رۆژهەڵات دەكات و دەڵێت: "هەمو كەسێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانە لە هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل، چ دژی فەلەستینییەكان، ئێران، لوبنان، یەمەن، یان زۆر شوێنی دیكە و دەبێت رابگیرێن".
 
 ئەو هیواخوازە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت و ببێتە ئاگربەستێكی هەمیشەیی و هیچ هێرشێكی دیكە رونەدات، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەوامەو دەیان یان تەنانەت سەدان قوربانی لە نێو خەڵكی مەدەنی و منداڵی بێتاواندا هەن.

سەرۆككۆماری عیراق باسی لەپەیوەندییەكانی كۆماری عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات كە سنووریان 400 كلیۆمەترە پێكەوە و دەڵێت: "پەیوەندییەكانی ئێران و عیراق زۆر باشە  و ئێران دراوسێی ئێمەیە، سنووری زیاتر لە هەزار و 400 كیلۆمەترمان پێكەوە هەیە، ئەو پەیوەندییانە  نوێ نین، لەمێژینەن، ئێمەش پەیوەندییەكی فراوانمان لەگەڵ ئێراندا هەیە".

 سەرۆككۆماری عیراق هیوای سەركەوتن بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەخوازێت لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا و دەڵێت: "بەبێ ئاشتی، هەمومان لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییەوە ئازار دەچێژین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP