ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له دانیشتنێكی ئاسایی ڕۆژی سێشه‌ممەدا ده‌نگ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌یاسا ده‌دات كه به پرۆژه‌یاسا كێشه له‌سه‌ره‌كان ناسراون و زۆرترین ناكۆكی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و سێ پرۆژه یاسایه هەیه .
به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی دانیشتنی رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای دوباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موڵك و زەوی و زار و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاره‌كانی مه‌جلیس قیاده‌ی سه‌وره‌وه، هه‌روه‌ها ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه پێشنیازی ناسنامه‌ی باری كه‌سێتی ده‌دات، جگه له‌وه‌ش ده‌نگده‌دات له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای هه‌مواری دووه‌می یاسای لێبوردنی گشتی.
هه‌ر به‌گوێره‌ی كارنامه‌كه، له‌كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای ته‌ندروستی ده‌روونی ده‌درێت، و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میش بۆ پرۆژه‌یاسای سه‌ندیكای وه‌رزشوانانی عێراقی ده‌كرێت، جگه له‌وانه‌ش خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای خوێندنی باڵای ئه‌هلی ده‌كرێت، له خاڵی چواره‌میشدا لیژنه‌ی كاتی په‌رله‌مان، راپۆرتێك له‌باره‌ی به‌دواداچون بۆ موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌خاته‌ڕوو.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP