بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عیراق بۆ کڕین و فرۆشتنی
موڵک و خانوو و پارەدان لەڕێگەی بانکەوە، مشتوومڕی لە کەرتی خانووبەرەدا درووست
کردووە و شارەزایانیش دەڵێن، پێویستە یاسای باجی خانووبەرە هەمواربکرێتەوە.
15ی ئەم مانگە بانکی ناوەندی عێراق بڕیارێکی
دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکەش لەمەودوا هەر موڵکێک نرخەکەی لە 100
ملیۆن دینار بەرەو سەرەوە بێت، دەبێت لەکاتی فرۆشتنیدا پارەدانەکەی لەڕێگەی
بانکەوە بێت و چیتر نابێت ئەو مامەڵەیە بە پارەی کاش بکرێت.
لەوبارەیەوە مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عیراقی
ئاییندە بۆ توێژینەوە و ڕاوێژی ئابووری ڕایگەیاند، ئەو بابەتە مشتومڕ و ناڕەزایی
دروستکردووە نەک بەهۆی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە ئەگەر
نرخی ڕاستەقینەی خانووبەرە ئاشکرا ببێت کاریگەری لەسەر باج دەبێت، بەپێی یاساش
دەبێت 20% نرخی فرۆشتنەکە وەک باج بە دەوڵەت بدرێت.
یاسای ئێستای باجی خانووبەرە لە ساڵی 1959 جارێک
هەموارکراوەتەوە و 65 ساڵە وەک خۆی کاری پێدەکرێت، بۆیە شارەزایان دەڵێن یاساکە
لەگەڵ دۆخی ئێستا ناگونجێت و دەبێت هەموار بکرێتەوە و جیاوازیش لەنێوان موڵکی نیشتەجێبوون
و بازرگانیدا بکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP