رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند
بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە کۆتا رۆژەکانی ئیدارەی جۆ بایدن،
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زانیاریی هەواڵگریی گەیشتووە لەبارەی توێژینەوە و
خۆئامادەکردنی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە،
ئیسرائیل پێیوایە ترەمپ لەو پرۆسە سەربازییە زیاتر پشتیوانییان لێدەکات بەراورد بە
بایدن.
لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا،
نیگەرانییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە شێوەیەکی فراوان زیادیان کردووە، وەک
وەڵامێک بۆ ئەوەش کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیادکردووە و بە
شێوەی زنجیرەیی دەستبەرداری پابەندییەکانی دەبێت لە رێککەوتنەکە.
پێشتریش مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندبوو،
ئارەزوومەندن دانوستانی نوێ بگرنەبەر بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوەش
وەک هەوڵێک بۆ سادەکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران لەپێناو گەشانەوەی ئابوورییەکەی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP