فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵ بۆ ئەوەدەدات، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەنگی پێبدرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: دەمانەوێت پێش ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پرۆژەیاساکە تێپەڕێندرێت.
لەبارەی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە، د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی رایگەیاند: ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
بڕیار رەشید جەختیشیکردەوە بە هاوکاری فراکسیۆنەکانی دیکە، کاردەکەین بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە لەگەڵ نزیک بوونەوەی یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا دەنگی لەسەر بدرێت.
هەر لەسەر ئەو پرسە چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە، هەوڵەکانمان بەردەوامە و رەزامەندی زۆرینەی فراکسیۆنەکانمان بەدەستهێناوە، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی دەنگی لەسەر دەدرێت.
ئاشکراشی کرد پارێزگای هەڵەبجە هەموو رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تەواوکردووە و تەنها ئەوە ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە پارێزگایەکی نوێی عیراق
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران روونیشی کردەوە: فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵ دەدات پێش 16ی3ی 2025 کە ساڵیادی هەڵەبجەیە، پرۆژەیاساکە دەنگی لەسەر بدرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP