پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
ئەمڕۆ (٣٤) ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر ڕزگارکردنی شاری هەڵمەت و قوربانیی و پایتەختی رۆشنبیری (شاری سلێمانی)، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و جەماوەری شاری سلێمانی بە تایبەت دەکەم.
بەوپەڕی شکۆ و ڕێزەوە ئەم یادە پیرۆز و بەرز دەنرخێنین، کە لە (١٩٩١/٣/٧)دا جەماوەری دڵسۆز و ئازای شاری هەڵمەت و قوربانی پاڵپشت بە هێزی پێشمەرگە، بەرامبەر زوڵم و ستەمی حوکمی فاشیزمی بەعس وەستانەوە و ئەم شارەیان لە جلەوی حوکمڕانییەکی ستەمگەرایی و دیکتاتۆر پاک کردەوە و تاجی شکۆ و سەرکەوتنی ڕاپەرینیان بۆ شارەکەیان تۆمار کرد و نەبەردییەکی نوێیان خستە سەر نەبەردییەکانی تریان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم گشت لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم قۆناغەی ئێستادا بکەن، هەروەها دەستکەوتەکانی دوای ڕاپەڕین بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی بپارێزن و هەنگاو بنێن بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتووگۆ، هیوادارم شاری سلێمانی لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریدا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ و جێگای ڕەزامەندی خەڵکەکەی بێت.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێنم، هیواخوازم ئەم یادانە ببێتە مایەی ئاشتبوونەوە و برایەتیی و یەکڕیزی و یەک گووتاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکان و کارکردن بۆ ئەم دەستکەوتانەی کە هێشتا بەدینەهاتوون.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٣/٧
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP