لە پاریس کۆنفڕانسێک سەبارەت بە دۆخی سیاسی سوریا بەڕێوەدەچێت

جیهان
13:01 - 2025-02-13


پاریسی پایتەختی فڕەنسا ئەمڕۆ میوانداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی گەیشتن بە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا، ئەوەش دوای زیاتر لە دوو مانگ لە ڕوخانی رژێمه‌كه‌ی بەشار ئەسەد.
پێشبینیش دەکرێت نوێنەرانی هەریەک لە  ئەڵمانیاو  تورکیاو ئەمریکاو وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن، جگە لە فڕەنسا کە وڵاتی میواندارە.
ئامانجی کۆبونەوەکە هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی ئاشتیانەو گۆڕانکارییەکانی وڵات
پاریس ئاماژەی بەوەکردوه‌، ئامانجی کۆبونەوەکە هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی ئاشتیانەو گۆڕانکارییەکانی وڵات بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی و سەقامگیرییە.
پێشتریش  ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا له‌میانی وتارێكدا له‌ په‌رله‌مانی فڕه‌نسا، ڕایگه‌یاندبوو، "كوردانی سوریا بەرەسمی  بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاریس و  کورد هاوپەیمانی دڵسۆز و برای چەکدارمانەو ، هەرگیز دەستبەردارییان نابین".

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا چەپڵەشی بۆ شەڕی قارەمانانەی کورد لە دژی داعش لێدا و ڕایگەیاند، "فەڕەنسا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی دۆخی کۆبانی تێکناچێت و ناوچه‌كه‌ به‌ پارێزراوی ده‌مێنێته‌وه‌".


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP