رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی (13)ی
شوباتی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانیی رادیۆ ناساندووەو تەمەنی رادیۆش نزیكەی 120 ساڵە.
هەرچەندە ئێستا هۆكانی ڕاگەیاندن زۆر
بونو پێشكەوتنی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە بینیوە، كەچی هێشتا رادیۆ توانیویەتی
پێگەی خۆی ون نەكاتو گرنگییەكەی بمێنێتو بەپایەداریی بمێنێتەوە.
پەخشی ڕادیۆیی مێژوییەكی كۆنی هەیەو
هەر وڵاتێك لەوڵاتانی جیهان ڕۆژێكی خۆی دیاریكردووە بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی
ڕادیۆیی لەوڵاتەكەدا.
بەگوێرەی هەموو سەرچاوە كوردییەكان،
یەكەم رادیۆی كوردی لەساڵی 1939 لەبەغدا كراوەتەوە. ئێزگەی دووەم بەزمانی كوردی
(رادیۆی ڕۆژهەڵات) لە 5ی ئاداری 1941 لەبەیروتو ئێزگەی سێیەمی كوردیش لەئابی 1942
لەیافا (فەلەستین) كراوەتەوە.
ئەم سێ ئێزگە كوردییەی سەرەوە وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی: (كوردستان) لەدەرەوەی خاكی كوردستان پەخشیان دەستیپێكردووە. ئەو ئێزگانە لەراستیدا ئێزگەی كوردی نەبون، بەڵكو ئێزگەی بیانی بونو بەزمانی كوردی پەخشیان هەبووە.
ساڵی 1941یش ئینگلیزەكان بۆ
دژایەتیكردنی ئەڵمانیای نازی بەشی كوردی ڕادیۆی یافایان كردەوەو ژمارەیەك كەسایەتی
وەك گۆرانی شاعیرو ڕەفیق چالاك كاریان تیادا كردووە.
پەخشی ڕادیۆی كوردی تارانیش لە 25ی
تشرینی دووەمی ساڵی 1946 دەستیپێكرد، سەرەتا ماوەی پەخشەكەی تەنها 15 دەقیقە بووەو
دواتر كاتەكەی زیاد كرا. وێستگەی
رادیۆی یەریڤان لەساڵی 1955دا، بەپێنجەم پەخشی ڕادیۆیی كوردی دادەنرێت.
لەسەردەمی جەمال عەبدولناسر سەرۆكی
پێشوتری میسردا، ئێزگەیەكی كوردی لەساڵی 1957 لەشاری قاهیرە كرایەوە، دواترو
لەپایزی 1958دا ڕادیۆی كوردی لەشاری كرماشان كرایەوەو ڕادیۆی كوردی تاران داخرا.
لە شۆڕشی نوێشدا، رادیۆی دەنگی گەلی
کوردستان، لە نەورۆزی ساڵی (1979) لە بارودۆخێکی سەختی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی
گەلی کوردستان سەرەتا بە ناوی (دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) دامەزرا، دوای زیاتر
لە مانگێک لە ژێر ناوی (دەنگی شۆڕشی عیراق) بەرنامەکانی بڵاوکردەوە و تا ساڵی
(1984) هەر بەو ناونیشانە مایەوە، دواتر بەهۆی گۆڕانی دۆخی سیاسی کوردستان و پەیڕەوکردنی
دروشم و پرۆگرامی نوێوە، ناوی رادیۆکە بوو بە (دەنگی گەلی کوردستان) و تا ئێستاش هەر
هەمان ناوی هەیە.
دەنگی گەلی كوردستان، لەقۆناغە جیاجیاكانی
خەباتی گەلەكەماندا سەرەڕای ئەوەی پەیام و روانینەكانی یەكێتی گەیاندوە، لەسەردەمی
خەباتی شاخ دەنگی گەلی كوردستان دەنگی شۆڕش بوو، رۆڵێكی كاریگەری لەجۆشدانی كۆمەڵانی
خەڵك و بەرزكردنەوەی وورەی پۆڵاینی پێشمەرگەو بەهێزكردنی گیانی بەرخودان بینیوە، لە
راپەڕینی ئاداری ١٩٩١دا رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان دەنگی راپەڕین و رزگاركردنی سەرجەم
شارو شارۆچكەكانی كوردستان بوو.
رادیۆی کەرکوک ئێف ئێمیش، کە بەشێکە
لە دەزگای میدیایی کەرکوک و سەر بە مەکتەبی راگەیاندنی (ی.ن.ک)ە ، ماوەی 14 ساڵە دەنگی
کەرکوکییەکانە و بەهەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی بەرنامەکانی پەخش دەکات.
کە گوزارشت لە زمانە جیاوازەکانی سەرجەم نەتەوەو پێکهاتەکانی کەرکوک دەکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP