هەسەدە: پابەندی بڕیارەکانی کۆنگرەیەک نابین ئەگەر بەشداریی تێدا نەکەین

جیهان
18:03 - 2025-02-14


دوای ئەوەی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانی سوریا رایگەیاند، هیچ گروپێکی سەربازی بەشداری گفتوگۆکانی کۆنگرەکە ناکات، ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) رایگەیاند، ئەو لیژنەی پێکهێنراوە نوێنەرایەتیی یەک رەنگ دەکات و بۆ رازیکردنی هەندێک لایەنی دەرەکی ئاراستەکراوە و نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا ناکات.
ساڵح موسلیم وتیشی، هەسەدە لایەنی سیاسیی پاڵپشتیکاری هەیە وەک ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و دامەزراوەکانی خۆسەر کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکات، ئەگەر بەشێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتییان نەبێت، پابەندی بڕیارەکانی کۆنگرەکە نابێت.
لای خۆیەوە فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوهەڵوێستی بۆ قسەکانی ساڵح موسلیم دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر پابەندی بڕیارەکانی هیچ کۆنگرەیەک نابێت، کە بەشداری تێدانەکردبێت.
وتیشی، هەر کۆنگرەیەکی سوری هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر دووربخاتەوە، نیشتمانی و یەکخەر نابێت، ئامانج لێی دووبارەکردنەوەی ئەو سیاسەتی پەراوێزخستنەی پێشووە کە بووەهۆی وێرانبوونی سوریا و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگاکەی.
لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە بەپێی مەرسومێکی سەرۆکایەتی لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەوە پێکهێنراوە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP