مووچەخۆرانی هەرێم نزیکەی 70 رۆژە مووچەیەکیان پێدراوە

کوردستان
22:30 - 2025-03-06

لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە نزیکەی ٧٠ رۆژ دەکات تەنیا یەک مووچە لە هەریمی کوردستان دابەشکراوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: دارایی عیراق هەتا ئەمڕۆ وردبینی لیستی مووچەی مانگی شوباتی تەواونەکردووە و ئەمەش هۆکارە بۆ نەناردنی مووچە لەبەغداوە.

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئەمڕۆ لەوەزارەتی دارایی عیراق کردوومە، تائێستا وردبینی لیستی مووچەی مانگی ٢ تەواونەبووە و بەوهۆیەوە دارایی عیراق مووچەی بۆ هەرێم نەناردووە.

وتیشی بەهۆکاری ئەوەی لیستی مووچەی مانگی دوو دەبێتە پێوەر بۆ ناردنی مووچەی هەر ١٢ مانگەکەی ئەمساڵ، دارایی عیراق وردبینی زیاتر لەلیستەکەدا دەکات و پێویستیشە ئەو داواکارییانەی هەیانە دارایی هەرێم جێبەجێی بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد: چاوەڕواندەکرێت لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا وردبینی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە تەواوبکرێت و دەست بەرێکارەکانی ناردنی مووچە بۆ هەرێم بکرێت، هەرچەندە جارێکی دیکە دارایی عیراق داوایکردووە، کە پەلەبکرێت لەتەوەتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP