مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ئەنجامدانی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ بنیادنانی سووریایەکی نوێ.
عەبدی لە تۆڕی "ئێکس" ڕاشیگەیاندووە، ئەوان ئەنجامدانی ئەم رێککەوتنە بە دەرفەتێکی راستەقینە دەزانن، بۆ بنیادنانی سووریایەکی نوێ، کە هەموو پێکهاتەکانی لە باوەش بگرێت و بنەماکانی دراوسێیەتییەکی باش زامن بکات.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت: "لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی قۆناغێکی راگوزەر کە رەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت بۆ دادپەروەری و سەقامگیری".
مەزڵوم عەبدی پابەندیی خۆی بە بنیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ وڵاتەکە دووپاتکردەوە، کە مافەکانی هەموو سوورییەکان زامن بکات و خواستەکانیان بۆ ئاشتی و شکۆمەندییان بەدیبهێنێت.
مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان ئیمزاکرد، کە تیایدا هاتووە، شەڕ لە تەواوی سووریا رادەگیرێت و مافەکانی کورد لەچوارچێوەی دەستووردا فەراهەمدەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP