رێكخراوی تەندروستی جیهانی: دۆخی دانیشتوانی غەززە زۆر سەختە

تەندروستی
14:43 - 2025-04-15

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە كەرتی غەززە، بە تایبەتی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەبوونی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە.

مارگریت هاریز، وتەبێژی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "كەمیی كەلوپەلی پزیشكی و دەرمان لە كەرتی غەززە گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار، ئەو برینداره زۆرانەی كە بەهۆی بۆمبارانی بەردەوامەوە پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە."

وتەبێژی رێكخراوەكە جەختی كردەوە: " برسێتیی روبەروی دانیشتووانی كەرتی غەززە بووەتەوە و دەستیان بە ئاوی پاكی خواردنەوە ناگات، ئەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پەتایی زیاتر دەكات.

شایانی باسه، كەرتی غەززە لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2023ـەوە بەردەوام لە ژێر بۆمباران و گەمارۆی قورسی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلدایە كە بووەتە هۆی وێرانبوونی ژێرخانی تەندروستی و ئاودێری. بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە ٪90ـی دانیشتووانی غەززە ئێستا روبەروی ئاستەنگی سەختی دۆزینەوەی خۆراكی پێویست بوونەتەوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتیی هۆشداریان داوە سەبارەت بە رەوشی "قەیرانی سەختی برسێتی" لە كەرتی غەززە. لە لایەكی ترەوە، زۆربەی ناوەندە تەندروستییەكان لە غەززە یان وێران بوون یان بە هۆی كەمیی سوتەمەنی و پێداویستی پزیشكییەوە ناچار بە وەستانی چالاكییەكانیان بوون

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP