بەبۆنەی پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، ژمارەیەك بروسكەی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان بەگشتی و هەڵەبجەییەكان بەتایبەت كراون.
دەقی بروسكەكان:
رفعەت عبدوڵڵا پیرۆزبایی لەبەپارێزگابونی هەڵەبجە دەکات
بەبۆنەی دەنگدان و پەسەندكردنی لەسەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەهەوڵی هەمووان و یەكڕیزیی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغداد بەگەرمی و لەدڵەوە پیرۆزبایی لەتەواوی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو لایەك هەیە كەئەمڕۆ بەیاسایی و بەفەرمی هەڵەبجە بووە 19 یەمین پارێزگای عێراق.
تەواوبوونی ئەم رێكارە یاساییە و پەسەندكردنی ئەم بڕیارە مێژووییە دەبێت زیاتر هەموومان هانمان بدات بۆ خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان و هەموو لایەك ببینە پارێزەرو خزمەتكاری ئەم شارە مێژووییو قوربانیدەرە لێرەوە قۆناغێكی نوێی لەخزمەت و بەرەوپێشچوونی زیاتر لەگوزەرانی هاوڵاتیان و سەرجەم سێكتەرەكان رەنگبداتەوە و سیمای پارێزگایەكی گەشاوە و پێشكەوتوی هەبێت كەهاوتای قوربانی خەڵكە سەربەرزو جوامێرەكەی بێت. ئەمڕۆ كە ٤/١٤ ە یادی تاوانی ئەنفال دەكەینەوە لە هەمان کاتدا دەنگدان بۆ بەپارێزگاربونی هەڵەبجە لەبەغدادەوە بەیاسایی دەدرێت گوزارشتە لەوەی ئێمە وەك نەتەوەی كورد لەبەرامبەر مەرگەساتە مێژوویەكانمان بەژیان و بەردەوامی و كۆڵنەدانەوە دەوەستینەوە و بەئیرادەیەكی بەهێزو ژیاندۆستیەوە لەجینۆسایدو كیمیابارانو ئەنفالەوە بەرەوە بەردەوامی و داهێنان و پێشكەوتن دەپەڕینەوە و بەجیهان دەڵێین سەرباری مەرگەسات و قوربانیەكانمان هێشتا بۆ مرۆڤایەتی و ئاشتی و ئارامی خەبات دەکەین، جارێکی تر پیرۆزبێت لە هەموو خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵبجەییەکان بەتایبەتی، بۆ یادی سەدو هەشتا و دووهەزار قوربانی ئەنفالی نەتەوەکەشمان سەری ڕێزو نەوازش دائەنەوێنین.
پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
بە بۆنەی بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە وەکو چوارەم پارێزگا لە هەرێمی کوردستان و نۆزدەیەمین پارێزگاش لە عێراقدا، پڕ بە دڵ پیرۆزباییەکی گەرم لە شاری هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و گشت کوردستانییانی ئازیز دەکەم، گەیشتن بەم ڕۆژە مێژووییەی کە هەموومان چاوەڕێمان دەکرد، مایەی دڵخۆشی گشت کوردستانییانە، بە تایبەت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بکەم، کە دەنگیان بەم پڕۆژە یاسایەدا. پەسندکردنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم هەوڵانە گیانی تەبایی و یەک هەڵوێستی و پەرۆشی گشت لایەنە کوردییەکان دەردەخات لە ئاست پێگە و بەهێزی هەرێمەکەمان.
هەڵەبجە لای ئێمە سیمبولی قوربانیدان و خۆڕاگریی و ئازایەتییە، خزمەتکردنی هەڵەبجە جێگای شانازییە بۆ گشت لایەکمان، هیوادارم لێرە بەدواوە فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد هەوڵ و ماندووبوونەکانیان چرتر بکەنەوە بۆ بەدەستهێنان و دابینکردنی بوودجەیەکی شیاو کە لە ئاست خزمەتکردنی ئەم شارەدا بێت، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە لە ڕووی بنیادنانەوە وەکو سیمای شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانێتیی و خزمەتگوزارییەوە، بکرێت بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.
سەری ڕێز و وەفاش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
عیماد ئەحمەد: پیرۆزە لە هەڵەبجە و هەموو خەڵکی کوردستان
ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە خەباتی دوورو درێژی نەتەوەکەمان کە تیایدا یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کرا و ئەو شارە ئازیزەمان بووە (19) هەمین پارێزگای عیراق.
هەڵەبجە هێما و ناسنامەی نەتەوەیی کوردە، بەرجەستەی زوڵم و ستەمێکی بێ وێنەیە کە پێنج هەزار رۆحی پاکی خەڵکی بێ تاوان و ستەم لێکراوی شارەکە بووە قوربانی و ڕژێمی فاشیستی گۆڕ بە گۆڕ بە دڕندەترین شێوە و بەچەکی کیمیاوی شارکەی بۆمب باران کرد و کارەساتێکی وای نایەوە کە هەتا ئێستاش خەڵکی شارەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەڵام هەڵەبجە بەم برینەی خۆیەوە بووە ناسنامەی کوردستان و ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان بە دنیا، زوڵمی جینۆسایدکردنی هەڵەبجە دنیای لەخەوی فەرامۆشکردنی کورد خەبەر کردەوە.
لەدوای ئەو بڕیارە گرنگە، کاتی ئاوەدان کردنەوە و بەرەو پێشبردنی زیاتری شارەکە و سارێژکردنی برینی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانە ، پێویستە لەسەر حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەشە بودجەی پارێزگا و بگرە زیاتریشی بۆ تەرخان بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی بواری پەروەردە و فێرکردن چونکە پێشتریش خەڵکی هەڵەبجە خەڵکێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و سیاسی بوون و دەیان سەرکردە و شاعیر و کەڵەپیاوی ئاینی لە شارەکەدا هەڵکەوتوون و خزمەتێکی بێ وێنەی گەلەکەیان کردووە
بریاری پەسەندکردنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی ئازیز دڵخۆشی کردین ، دووبارە پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵکی هەڵەبجە و شارەزوور و کوردستان دەکەم و دەستی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگوشین کە هەوڵ و هیمەتی بێ وچانیان کرد تا بەم ڕۆژە مێژووییە بگەین بەتایبەتی فراکسیۆنی یەکێنی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە شەو ڕۆژیان خستە سەر یەک تا بەم ئامانجە گەیشتین.
ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی هەوڵ و کۆششی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەک هەڵوێستی فراکسوینە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی بەغدا و هەماهەنگی و پشتیوانی فراکسیۆنەکانی دیکەی عیراقی فیدرالە.
و ئەمە سەرکەوتنێکی دیکەی گەلی کوردستانە لەروی نشتیمانی و نەتەوایەتیەوە.
عیماد ئەحمەد
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دانپێدانانێكی رەسمییە
ئەمڕۆ ئەو رۆژە مێژووییەیە كە دەمێكە خەڵكی هەڵەبجە چاوەڕوانین. بە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەنگاوێكی دادپەروەرانە و هۆشیاری نا لەرێی بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەك نۆزدەمین پارێزگای عیراق. ئەم بڕیارەش تەنیا ڕێوشوێنێكی كارگێڕی نییە، بەڵكو دانپێدانانێكی رەسمییە بە قوربانییەكانی خەڵكی هەڵەبجە و بەدیهێنانی ئەو دادپەروەرییەیە كە دەمێكە چاوەڕوانین.
هێشتا ئاسەواری ئەو هێرشەی ساڵی 1988 بەچەكی كیمیایی كرایە سەر هەڵەبجە ماوەتەوە، ئەمڕۆش سەرەتای وەرزێكی نوێیە، وەرزێك لەدانپێدانان و پابەندبون و داكۆكیكردن لەمافەكان و بەڵێنی دوارۆژێكی باشتر.
لەگەڵ هاتنی بەهاردا خەڵكی هەڵەبجە ئەم بڕیارە وەك سمبولی نوێبونەوە و هیوا دەبینن.
دەستخۆشی لەو پارلەمانتارە بەڕێزانە ئەكەم كە ناكۆكیە سیاسییەكانیان وەلاوە نا و لە شوێنە دروستەكەی مێژوو بوون، بەم بڕیارەیان رێزیان لەیادی قوربانیان و رزگاربوان نا و ئەمڕۆش بۆ دواجار دادپەروەری بەدیهات.
هەرچەند دانپێدانان تەنیا بەس نیە و دەبێ هەنگاوی پراكتیكی بەدوادابێت لە وەبەرهێنان لەژێرخانی ئابوری هەڵەبجە و پشتیوانی ڕۆڵەكانی و چاوەڕوانییەكانیان، لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە كاتێكی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و هێشتا خەڵكەكەی لەچاوەڕوانیدان.
ئەركی حكومەتی فیدڕاڵیە ئەوە بۆ هەڵەبجە مسۆگەر بكات كە قەرەبووی شایستە بەدەستبهێنێ تا دانیشتوانەكەی لەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەدا بژین كە ساڵانێكە لێی بێ بەشن.
بە خەڵكی هەڵەبجەش ئەڵێم: قوربانیدانتان لەبیر نەكرا و لەبیر ناكرێت. ئەمڕۆ هەموو عێراق لە كوردستانەوە بۆ باشور پشتیوانتانە و ڕێز لەرابردوو و قوربانیدانتان دەگرێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
پیرۆزبایی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە
بەبۆنەی پەسەندكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، گەرمترین پیرۆزبابی دەكەین لە خەڵكی كوردستان بە گشتی و خەڵكی شاری هەڵەبجەی خۆشەویست بەتایبەتی.
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كەمترین قەرەبووە بۆ خەڵكی هەڵەبجە و كوردستانیان بەرامبەر ئەم هەموو ستەم و زوڵمەی لەسەر دەستی رژێمی پێشوو بەرامبەریان كراوە. هیوادارین هەڵەبجە ببێتە پارێزگای پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ژیانەوە، وەك چۆن لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو سەلماندوویانە شاری بەرخودان و ئارامی و رەسانەیەتی بوون.
بەم بۆنەیەوە بەپێویستی دەزانین دەستخۆشی لەهەموو ئەوانە بكەین كە لەم هەوڵە مێژووییەدا بەشدارییان كردووەو رۆڵیان هەبووە لە پارێزگابوونی شارە زیندووەكەی هەرێمی كوردستان، سوپاسی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین بۆ ئەم بەرپرسیارەتییە مێژویییە، بەتایبەت فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەستان و هەموو بەیەكەوە پشتگیری ئەم دەستكەوتە مێژووییەیان كرد. ئێستا دەرفەتێكی زێرین هاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر قەرەبووی هەڵەبجەییەكان بكەینەوەو خزمەتی زیاتری ئەم شارە بكەین.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
پیرۆزبایی سەعدی ئەحمەد پیرە بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەوە
بەبۆنەی پەسندكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پیرۆزبایی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و پارێزگاری هەڵەبجە و سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان و پارێزگاری هەڵەبجە دەکەم بە بۆنەی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بە فەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی تازەی عێراق ئەم هەنگاوە نیشانەی یەکڕیزی و تەبایی و هەماهەنگی و هاوکاری سەرجەم فراکسێۆنە کوردییەکانە لە بەغدا ، بەم بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمنتارانی کورد دەکەم لە بەغدا دووبارە پیرۆزبایی خۆم لە سەرجەم کوردستانیان بەگشتی و خەڵكە قارەمانەکەی پارێزگاری هەڵەبجە بە تایبەتی دەكەم، هیوادارم ئەمە ببێتە رووداوێکی مێژوویی گەورە و خاڵی وەرچەرخان رووەو ئایندەیەکی گەش و ئاوەدانی زیاتری هەڵەبجە لەسەرجەم بوارەکاندا .
سەعدی ئەحمەد پیرە
وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
پەیامی پیرۆزبایی لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی بە بۆنەی پەسندکردنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابونی هەڵەبجەوە
ئەمڕۆ ١٤ی٤ی٢٠٢٥، ڕۆژێکی مێژوییە بۆ سەرجەم کوردستانیان لەهەر جێگەیەکی ئەم جیهانە بن، لەمڕۆدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای هەوڵ و کۆشانی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان پرۆژە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجەی بەزۆرینەی دەنگەکان پەسەند کرد.
بەم بۆنە مێژوییەوە پیرۆزبایی گەرم لەهەمو نەتەوەی کورد و کوردستانیان بەگشتی دەکەم ، هیواداریشم ئەم دانپێدانان و بەپارێزگابونە ببێتە دەروازەیەکی بەرین بۆ زیاتر خزمەتکردن و گەشەپێدانی شاری هەڵەبجە، ئەو شارە ئازیزەی بۆتە ناسنامەی تەواوی کوردان.
دوبارە پیرۆزبایی لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەی خۆشەویست بەتایبەتی دەکەم.
جێی خۆشیەتی دەستخۆشی لەهەمو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بکەین، کە توانیان بەیەکگرتویی و یەکڕایی دەستکەوتێکی پڕ بەهای لەو جۆرە بەدەستبێنن.
تەلار لەتیف محەمەد
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی
ل.ناوەندی کاروباری یاسایی( ی.ن.ک)
پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدەوە
كوردستانیانی خۆشەویست...
كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە...
بەركەوتوانی چەكی كیمیایی...
كوردانی هەرچوارپارچەی كوردستان...
ئەمڕۆ خۆشترین رۆژە بۆ ئێمە لە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كە هەواڵی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەمان بیست، وەك نۆزدەهەمین پارێزگا ناسێندرا و چاوەڕوانییەكەمان تەواو بوو، دەمانەوێت بەم بۆنەیەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاوڵاتییانی شاری هەڵەبجە و تەواوی هەموو كوردێك لە جیهان بكەین، شاری هەڵەبجە زۆر دەمێك بوو شایەنی بە پارێزگابوون بوو، بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ تەواوی لەمپەرەكان تێپەڕین و ئەو مافە بە هەڵەبجەیەكان بەخشرا و هەڵبجە بووە نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق، هەزار جار پیرۆزیان بێت.
پێمان خۆشە لێرەوە سوپاسی بێپایانمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق و نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عیراق و حكومەتی فیدراڵ و بەرپرسانی شاری هەڵەبجە بكەین كە بەردەوام داكۆكیكاری سەرسەختی بەدەستهێنانی ئەم مافەبوون.
ئومێدەوارین لەمڕۆوە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق مامەڵەی دروستی نۆزدەهەمین پارێزگابوونی هەڵەبجە بە پراكتیكی بختەگەڕوو ئاوڕێكی جدی لەو شارە بدەنەوە خزمەت بە هاوڵاتییانی شارە بكەن.
كارەساتی كۆمەڵكوژی بەرانبەر شاری هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لەلایەن حكومەتی دیكتاتۆری بەعسی رووخاوەوە و كیمیابارانكردن و شەهیدكردنی ٥٠٠٠ پێنج هەزار هاوڵاتیی سڤیلی و برینداركردنی بەشێكی زۆر كە تائێستا بە دەست ساڕێژنەبوونی برینەكەیانەوە دەناڵێنن.
هەرلەم بۆنە پیرۆزەدا داوا دەكەین حكومەتی عیراق هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ بە جینۆسایدناسینی ئەو كۆمەڵكوژییەی لەسەر ئاستی جیهان و قەرەبووی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی و وێرانبوونی شارەكە بكاتەوە.
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەك سیمبۆلی قوربانیدان و شەهیدی دەستی دیكاتۆریەتی بەعس، هەرچەندە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەشێك لە برینی هەڵەبجەییەكان ساڕێژدەكات و كەمێكیش لە خەمیان كەم دەكاتەوە.
دووبارە پیرۆزە لە هەڵەبجەییەكان
باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی
حەمەی حەمە سەعید: پیرۆزە لە هەڵەبجە و کوردستان
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی خەڵکەکەی و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانە
لە کاتێکدا ئەمڕۆ ٤/١٤ لە ساڵڕۆژی ئەنفالی گەلەکەمان، هەموومان بە تاسەوە یادی یەکێکی تر لە بەدناوترین پرۆسەکانی جینۆسایدی گەلەکەمان لە مێژوویی هاوچەرخدا لە باشوری کوردستان دەکەینەوە، بە ڕاگەیاندنی هەواڵی پەسەندکردنی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە وەکو ١٩ هەمین پارێزگای عێراق و چوار ھەمین پارێزگای کوردستان دڵخۆش بووین.
هیوادارین لە داهاتوودا بە کارکردنی پێکەوەیی هەواڵی دەسکەوتی زیاتر بۆ سارێژکردنی برینەکانی ئەنفال و کیمیاباران و تاوانەکانی دیکە ببیستین و ببینین.
سوپاس بۆ هەموو ئەو فراکسیۆن و لایەن و کەسایەتیانە ڕۆڵیان لەم پەسەنکردنەدا هەبوو.
یەکبوونمان هەردەم گەرەنتی دەسکەوتەکانمانە.
حەمەی حەمە سەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ٤/١٤ یادی ئەنفال و بە پارێزگابوونی هەڵەبجە
مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە: بەپارێزگابونی هەڵەبجە دەستكەوتی یەكڕیزی وتەبایی گەلی كوردستانە...
بەناوی مەڵبەندی ڕێكخستنی پێشمەرگە گەرمترین پیرۆزبایی لەخەڵكی هەڵەبجەوگەلی كوردمان دەكەین كەلەم قۆناغە هەستیارەدا توانیمان پێكەوە هەنگاو بەرەوئایندەیەكی گەشتربنێین . لێرەدا دووبارە جەخت دەكەینەوە وەك پێشمەرگەی كوردستان هەمیشە بەرگریكار و پارێزگاری دەستكەوتەكانی حكوومەت وخەڵكی كوردستان بین .روحی قوربانیانی هەڵەبجە شادبێت پیرۆزە لە هەڵەبجە پیرۆزە لە گەلی كورد.
مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە
14/4/2025
پیرۆزبایی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدەوە
بە بۆنەی بڕیارە مێژوییەکەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پارێزگاری بوونی هەڵەبجەی شەهید بە نۆزدەهەمین پارێزگا لە عێراق و چوارەم پارێزگا لە هەرێمی کوردستان ، گەرموگوڕترین پیرۆزبایی لە بنەماڵەی شەهیدانی و برینداران و مامۆستایان و تەواوی چین و توێژەکانی هەڵەبجەی شەهید دەکەین ، دەخوازین ئەمە دەروازەیەکی فراوان بە روی ئەو شارە شەهید بەخشەرە بکاتەوە و ببێتە سومبولی ئاوادانی و جوانی ببێتە شاری شاران، بە پێویستیش دەزانین دەست خۆشی لە هەموو ئەوانە بکەین کە رۆڵی گەورەیان گێڕا بە تایبەت هەر سێ سەرۆکایەتی عێراق ، کوتلە کوردستانیەکان ، تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەی هاوسۆز و هاودەنگ بوون لە پەسندکردنی ئەو یاسایە، لێرەوە ئەوە بە هەموان دەڵێم دەی ئەوە بەرهەمی یەک دەنگی و خەباتی یاسایی و مەدەنی بوو ، پێویستە بۆ مافەکانیتریش بەو شێوەیە بن، هەر ئاوەدان بێت پارێزگا نوێیەکەی هەمومان
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP