قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان پشتیوانیی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی له‌ توركیا ده‌كات

کوردستان
20:30 - 2025-04-15


 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئێرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(15/4/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە هەرێمی کوردستان پشتیوانی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە و هەر ئەرکێک بکەوێتە سەرشانی جێبەجێی دەکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بەوەی کە پێویستە هەموو لایەنەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا پارتی و یەکێتی رێک بکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP