ناوی بەشێک لە خانەنشینان بۆ وەرگرتنی 12 مووچە دەنێردرێت بۆ بەغداد

کوردستان
11:17 - 2025-04-22

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی نیسان ناوی ئەو خانەنشینانە ئاراستەی بەغدا دەکات، کە شایستەی وەرگرتنی 12 مووچەی پاداشتی خزمەتی فەرمانبەرین.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، مانگانە لەگەڵ تەواوکردنی مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەمساڵ خانەنشین بوون، ناوی ئەوانەیان بۆ بەغداد دەنێردرێت کە شایستەی وەرگرتنی 12 مووچەی تەواوی پاداشتی کۆتایی خزمەتن.

سەرچاوەکە وتیشی "لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی چوار ناوی ئەو فەرمانبەرانەی کە مامەڵەکانیان تەواو بووە و خزمەتیان لە 25 ساڵ زیاترە بۆ بەغداد رەوانە دەکرێت و 12 مووچەیان وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ خەرجدەکرێت".

لەچوارچێوەی رێککەوتنی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی نێوان هەولێر و بەغداد، بڕیاردرا یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت، بەهۆی یاساکەوە لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشینکران، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاریدا خەرجیی پاداشتی خزمەتی ئەو خانەنشینانە لە ئەستۆ بگرێت کە خزمەتی فەرمانبەرییان لە 25 ساڵ زیاترە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP