بەدەستپێشخەری یەكێتیی
نیشتمانیی كوردستان، كۆمیتەی كوردی لە چوارچێوەی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ
چالاككرایەوەو لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیش رایدەگەیەنێت:"
چالاككردنەوەی كۆمیتەكە لەمكاتەدا پێویستییەكی گرنگ و دەستكەوتێكی گەورەیە و مەبەستمانە
ئەو پێگەیە بۆ لۆبیی كردن بۆ دۆزی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان
بەكاربهێنین".
چالاككردنەوەی كۆمیتەكە پێویستییەكی گرنگ بوو
د. دارا خەیلانی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی
یەكێتی، بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "كۆمیتەی كوردی كە
كورتكراوەی كۆمیتەی خەمخۆری كاروباری كوردییە لەچوارچێوەی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەر
ناشناڵی جیهانی، بە دەستپێشخەری یەكێتی و هەوڵی حزبە كوردستانییەكان و ئەوانەی
چاودێرن لەو رێكخراوەكە چالاككراوەتەوە، چالاككردنەوەكەشی لەمكاتەدا پێویستییەكی
گرنگ و حەتمی بوو، چونكە كوردستان و جیهان بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە دەڕۆن و ئەو
رووداوانەی دێنە پێشەوە وامان لێدەكەن بەرپرسیارانە هەڵسوكەوت بكەین، هاوكات مەبەستمانە
ئەو پێگەیە بۆ لۆبیی كردن بۆ دۆزی كوردو هەر چوار پارچەی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان
بەكاربهێنین".
"سەرجەم حزبە كوردستانییەكانی كۆمیتەكە كەژمارەمان حەوت حزبە، هاوڕاین
لەسەر ئەوەی یەكڕیزی و یەكدەنگی كورد پێویستە، بۆیە كۆبووینەوەو چەند رێنماییەكمان
داڕشت و بڕیارماندا لەناو رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەر ناسیۆناڵی جیهانی و هاوپەیمانەكانمان
لەوڵاتانی دیكە كاربكەین و هەوڵبدەین ئەو دەرفەتانەی كە دێنە پێشەوە بكەینە بنەما
بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشترو كوردستانێكی ئارامتر، تاوەكو بتوانین كاریگەریمان
لەسەر ئاستی جیهان و داهاتووی میللەتەكەمان و ناوچەكەش هەبێت" د. دارا خەیلانی
وادەڵێت.
لەڕێگای كۆنفرانسەوە دەنگمان دەگەیەنینە جیهان
راشیگەیاند:"لەكۆبوونەوەی دوێنێ 3-5-2025
لەگەڵ سكرتارییەت و سەركردایەتی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەر ناشناڵی جیهانی، بڕیارماندا
كۆنفرانسێك ببەستین و سەرجەم حزبە كوردستانییەكان و دۆستەكانمان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و وڵاتانی جیهان بانگهێشت بكەین و بیكەینە پێگەیەكی گرنگ بۆ كوردو بتوانین لەڕێگایەوە
دەنگمان بگەیەنینە جیهان و ئەو داواكاری ئاشتی و دیموكراسییەی دەمانەوێت بكرێتە
كردارو پشتیوانی جیهان بەدەستبهێنین".
لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستان ئەوەشی راگەیاند: "وەك یەكێتی لەساڵی پارەوە دەستپێشخەریمان كردووەو
پەیوەندیمان بەحزبە كوردستانییەكانەوە كردووە و بەردەوام لەسەر هێڵ بووین تاوەكو
توانیمان كۆمیتەی كوردی لەچوارچێوەی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەر ناشناڵ چالاك بكەینەوەو ئەو حەوت حزبە لەهەر چوار پارچەی كوردستان لەسلێمانی
كۆبكەینەوە، كە ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیەو جێی شانازییە".
ئەو حزبە كوردستانیانەی لەسەر بانگهێشتی یەكێتیی
نیشتیمانیی كوردستان بەشدارن لە كۆمیتەی كوردی لە چوارچێوەی رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەر
ناشناڵ پێكهاتوون لە حزبەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی و پارتی یەكسانی و دیموكراسی
گەل و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەی كوردستانی ئێران
و كۆمەڵەی كوردستان و حزبی كۆمۆنیستی ئێران و هێزەكانی سوریای دیموكرات.
رێكخراوەكە ساڵانە دوو كۆنفرانس دەبەستێت
د. دارا خەیلانی وتیشی:"رێكخراوی سۆشیالیست
ئینتەر ناشناڵی جیهانی ساڵانە دوو كۆنفرانس دەبەستێت كە لەناوەڕاست و كۆتایی ساڵدایە،
ئەمساڵیش كۆنفرانسەكە لە ئیستانبوڵ دەبەسترێت و تایبەت دەبێت بەدۆخی توركیا و ئاڵنگارییەكانی
بەردەم حزبی جەهەپە، ئێمەش وەك حزبە كوردستانییەكان پڕوپۆزەڵێكمان ئامادە كردووە
بۆ ئەوەی لەئیستانبوڵ بەناوی هەموو كوردانی بەشداربووەوە پێشكەشی بكەین".
رۆژی 3ی5ی2025 بە ئامادەبوونی د. جوان ئیحسان ئەندامی
مەكتەبی سیاسی و بە سەرپەرشتی د.دارا خەیلانی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی
دەرەوە كۆبوونەوەی كۆمیتەی كوردی لەچوارچێوەی رێكخراوی سۆسیالیست ئینتەر ناسیۆناڵ
لەشاری سلێمانی دەستی كردەوە بەكارەكانی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP