ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٤/٢٨ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ پیتەر کوپەر، فەرماندەی سەربازیی هێزی هاوپەیمانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، یارمەتییە سەربازییەکان و مەشق و ڕاهێنانەکان بە پێشمەرگە، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و دۆخی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی بۆ سەر عێراق، گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.
بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم، لەپێناو پاراستنی دۆخی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکە، بوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی بە گرنگ زانی، سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمیش جەختی لە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتکارەکان کردەوە، هەروەها گفتووگۆکانی نێوان هەرێم و عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی و مافە دەستورییەکان بە پێویست لە قەڵەمدا، دواتر تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.
لای خۆیانەوە شاندی میوان پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانی ئەڵمانیایان بۆ بەردەوامبوونی یارمەتییەکان و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش دووپات کردەوە و هیوایان خواست ناوچەکە سەقامگیریی و ئارامی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، هەروەک بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان ڕوانی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP