قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆکرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(22/4/2025) بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و بەریتانیا کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەم قۆناغەدا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بەوەی لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی بەریتانی و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە هەموو جۆرە ئاسانکارییەکیان پێشكەش بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە باشترین رێگە بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی، گەشەپێدانی ئابوریی هەرێمی کوردستانە. باڵیۆزی بەریتانیاش ئامادەیی وڵاتەکەی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی گەشەپێداندا و بە تایبەتیش گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی کە کەمتر گەشەیان کردوە و گەنجان زیاتر کۆچی لێ دەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەردوولا هیوایان خواست گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەکدابن کە ئارامی و سەقامگیری لێ بکەوێتەوە و لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدابێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی گفتوگۆوە و بەپێی دەستور کێشەکان چارەسەر بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دواین کۆبوونەوەکانی وەفدە دانووستانکارەکانی پارتی و یەکێتی کرد و گەشبینی خۆی دەربڕی بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی دروست بووە، لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP