مەکتەبی شەهیدان خەڵاتی رێزلێنانی زیویی پێشکەش بە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کرد

کوردستان
19:14 - 2025-04-22


ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسانی 2025، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لە بڵێسە جەبار فەرمان، لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەب.
لەڕێوڕەسمێکدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، خەڵاتی رێزلێنانی زیویی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانی لەلایەن لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدانەوە پێشکەشکرا، لەپای ئەو کارو خزمەتە بەرچاوەی کە هەمیشە پێشکەش بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەکات.
لەمیانەی رێوڕەسمەکەدا، لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان رایگەیاند؛ بۆ یەکەمجارە مەکتەبی شەهیدان خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بکات، لەو چوارچێوەیەشدا شێخ جەعفەرمان هەڵبژاردووە وەکو یەکەم کەس خەڵاتەکەی پێشکەش بکرێت، لەپای ئەو هەموو خزمەتەی بەکەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەرانی کردووە کە هەمیشە دەرگای ماڵ و بارەگاکەی کراوەیە بۆیان و بەهەموو توانایەکییەوە لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە هاوکارو پاڵپشتیانە.
لەبەرانبەردا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، وێڕای دەربڕینی رێزو سوپاس بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی مەکتەبی شەهیدان، جەختیکردەوە کە ئەرکی لەپێشینەی تەواوی سەرکردەو بەرپرسانی هەرێمە لە خزمەت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکدا بن کە بەخوێن و رەنج و ماندووبوونی ئەوان و کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان توانرا کوردستان لەدەست ستەمکاریی ئازادبکرێت و حکومەتی هەرێم و دەستکەوتە نەتەوەییە گەورەکان بەدەستبهێندرێن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP