سەرۆککۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، دووپاتیکردەوە کە ئەو فرە رەنگییەی کە پارێزگای دیالەی پێ جیا دەکرێتەوە مایەی شانازییە و بەرجەستەی گیانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی ڕاستەقینە دەکات، بەو پێیەی نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت کە بە ئارامی و هاوسەنگی پێکەوە دەژین.
لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ کەسایەتی هۆز و عەشیرەتەکانی قەزای خانەقین و نوێنەرانی پێکهاتەکانی شارەکە، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە هۆزەکان ڕۆڵی مێژووییان هەبووە لە پتەوکردنی یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی پەیوەندی نێوان دانیشتوانەکەی، ئەمە جگە لەوەی بەشداری کاریگەریان لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا هەبووە.
سەرۆککۆمار دووپاتیکردەوە کە ئەرکی نیشتمانی پێویستی بەوەیە هەموو لایەک بە بەرپرسیارانە کاربکەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون بە قوربانیدانی رۆڵەکانی گەل لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاماژەیکرد بە گرنگی بەردەوامیدان بە پرۆسەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و دابینکردنی پێداویستیی و داوا ڕەواکانیان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP