ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2025، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانەی دووهەمین دیداری یەکێتیدا، وتارێکی پێشکەشکردو تێیدا وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووانی دیدارەکە رایگەیاند؛ دیداری یەکێتی بەتەنها بۆ خۆڕێکخستنەوە نییە، بەڵکو بۆ نوێبوونەوەشە. جەختیشیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و یەکڕیزی و یەک ئامانجییەوە.
شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی لە ئاسوودەییدا لەدایک نەبووە، بەڵکو لە خۆڕاگرییدا لەدایکبووە، لەهۆڵەکانی ئیمتیازاتدا درووست نەبووە، بەڵکو لە دۆڵی شۆڕش و دڵی خەونبینیندا درووست بووە.
لەبەشێکی تری وتارەکەیدا باسی لەوەکرد کە یەکێتی لەدوای راپەڕین، لە دروستکردنی ئیدارەیەکی کوردستانی تا بەشداریکردنی لەداڕشتنی دەستووری عیراقدا، دەست بەدەست لە خەڵکدا رۆیشتووەو هەمیشە بەرگری لە بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی و کەرامەتی میللەتەکەمان کردووە.
ئەوەشی بەبیرئامادەبووان هێنایەوە کە یەکێتی سەرباری ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەمیشە بەخۆڕاگری هەستاوینەتەوە، بۆ چی؟ چونکە ئێمە لە حزبێک زیاترین، ئێمە دیدگایەکین، بەڵێنێکین بۆ شەهیدان و بۆ گەلەکەمان و بۆ نەوەکانی داهاتوو.
پاشان ئاماژەی بە بایەخی دیداری یەکێتی کردو وتی:ئەم مەکۆیە تەنها کۆبوونەوەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ کردەوەو ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکمان داوە،
وتیشی: پێویستە دەرگای دەرفەتەکان بکەینەوە، چاکسازی لە دامودەزگاکاندا بکەین، ئیلهام بەخش بین بۆ داهێنان.
لەکۆتایی وتارەکەشیدا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ دیداری یەکێتی خواست.
ئەمڕۆ کارەکانی دووهەمین دیداری یەکێتی دەستیپێکردو بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP