دووەمین دیداری گشتی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی وبەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە هۆڵی یانەی پێشمەرگە لە سلێمانی دەستیپێکرد.
سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد.
د. یوسف گۆران: لە دیداری یەکەم 60٪ی پێشنیارەکان جێبەجێکراون
د.یوسف گۆران سكرتێری لیژنهی باڵای دووهمین دیداری یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتەی دەستپێکی دیداردا رایگەیاند: "پاش بەستنی 9 کۆنفرانس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و بەشداریکردنی زیاتر لە 12 هەزار و 500 ئەندام و لایەنگری یەکێتی ئەمڕۆ لە شاری شاران لە سلێمانی گەیشتینە دیداری گشتی یەکێتی و دووەمین دیدار بەڕێوەدەبەین، بەناوی ئەندامانی لیژنەی باڵای دیدارەوە بەخێرهاتنتان دەکەین".
"زۆر قسەو گفتوگۆ لەسەر دەرئەنجامی دیداری پێشوو خرایەروو، ئەمڕۆ هەندێک لە دەرئەنجامەکان باس دەکەین، لە دیداری یەکەم 468 پرۆژەو پێشنیار پاش رێکخستن و یەکخستنی لامان گەڵاڵە بوو، لەنێوانیاندا زیاتر لە 60٪ی پێشنیارەکان جێبەجێکراوەو ئەوەی ماوەتەوە کاری لەسەر دەکرێت، هیوادارم دیداری دووەم پێشنیار و پرۆژەی زیاتری بۆ بەهێزتر کردن و رێکخستنەوەی یەکێتی هەبێت، لەم دیدارەدا زیاتر لە 547 پرۆژە و پێشنیار و راسپاردە کۆکراونەتەوەو هیوادارین لەم دوو رۆژەدا فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکرێت"، د. یوسف گۆران وادەڵێت.
وتیشی: "بەناوی لیژنەی باڵای دیدارەوە دڵنیاتان دەکەینەوە کە بیرۆکە و پێشنیاری ئەمڕۆتان دوای پەسەندکردنیان لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە دەکەینە بەردی بناغەی سیاسەتی گشتیمان لە چاکسازی و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لەهەرێمەکەمان، دەشبێتە بەرنامەیەکی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و بەهێزکردنی رەوتی کوردستانیبون و پەیوەندی لەگەڵ کوردستانیانی سەرجەم ناوچەکە و جیهان".
قوباد تاڵەبانی: یەکێتی حزبێکە بە ئاسانی لاواز ناکرێت
دواتر قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە وتەیەکیدا رایگەیاند: "لەدیداری پێشوو هەر لێرەوە پێم وتن کە یەکێتی حزبێکە بە ئاسانی لاواز ناکرێت، کاتی بەستنی دیداری یەکەم کاتێکی زۆر هەستیار بوو بۆ یەکێتی، رووبەرووی چەندین تەحەدی ناوخۆیی و دەرەکی ببوینەوە، کەس پێی وانەبوو بتوانین لەو کاتەدا و بەهەبوونی ئەو هەموو کادرە و 13 لیژنە دیدار بەڕێوەببەین و تاوتوێی هەموو پرسە گرنگ و هەنوکەییەکانی ناو یەکێتی و هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام کردمان و کردتان، لەو دیدارە راسپاردەکان پێشکەشکران و لەنێوان دیداری یەکەم و دووەم کۆنگرەیەکی سەرکەوتومان بەست و تێیدا کاک بافڵ وەک سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا و بەڵێنیدا یەکێتی یەک بخاتەوەو کێشەکانی یەکێتی چاک بکات و هەموو هەوڵی بخاتەگەڕ بۆ سەرخستنی یەکێتی و جێبەجێشیکرد، لێرەوە دەبێت سوپاسی بکەین بۆ هەموو هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و پێگەی یەکێتی، لەدوای ئەو دیداری یەکەمیش دوو هەڵبژاردنی سەرکەوتومان ئەنجامدا و دەنگ و کورسیمان زیادی کرد و پێگەی یەکێتیمان گەڕاندەوە، کەچەنەدین بەڵێن درا و هەندێکیان جێبەجێکراون و لەپەرلەمانی کوردستان هیچ حزێک ناتوانێ 50+1 پێکبهێنێت و هاوسەنگی هێزمان رێکخستەوە، ئێستا لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتین و ئەو هێزە وای لەیەکێتی کردووە بەهێزی خۆیەوە بەشداری هەموو دانوستانەکان بێت و ببێتە هیوا بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
"ئەم دیدارە لەکاتێکی زۆر گونجاودا دەبەسترێت، داواتان لێدەکەین سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەکان و ئامادەکردنی رەشنوسەکان، لەم دوو رۆژەدا ئەبێت هەموو ئەو بابەتانە جێبەجێ بکەین تاکوو یەکێتی ببێتە خاوەن روئیایەک سیاسەت و هەیکەلیەت و نوێنەرایەتی خۆی و پەیمانی خۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نوێ بکاتەوە، لە چوارچێوەی دەرئەنجامی دیداری یەکێتی سیاسەتێکی هەبێت کە بتوانێت بیچەسپێنێت لەناو حکومەتی داهاتوو، بەو سیاسەتەوە بچێتەوە ناو جەماوەری خۆی لەبەردەم هەڵبژاردنی داهاتوودا"، قوباد تاڵەبانی وای وت.
دەشڵێت: "یەکێتی حزبێکی زیندوەو سەلماندویەتی و کۆبونەوەی ئێوەش لێرە دووبارە ئەیسەلمێنێتەوە، بەشێکی زۆرتان چەندین ساڵ ئەتانناڵاند بەدەست ململانێکانی کەلە سەرەوە هەبوون، هەمووتان ئەتانوت ئێوە لەسەرەوە چاک بن ئێمە لە خوارەوە کێشەمان نییە، ئێمەش بە قسەمان کردن و ئێستا لەسەرەوە چاکین، بەڵام لەخوارەوە کێشە هەیە، بۆیە لێرەدا رەخنە دەگرین و پەنجە دەخەینە سەر کێشەکان، پێشنیار پێشکەش دەکەین تا ببێتە راسپاردە و بتوانین جێبەجێی بکەین، هیوادارم لەم دوو رۆژەدا دەرفەت وەربگرن و بەشداری هەموو پانیڵەکان بکەن، رای خۆتان بڵێن چونکە گرنگە بۆ داڕشتنی سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاکو ئەو سەرکردایەتییە بەهێزەی ئەمڕۆ بەهێز و کاریزمای کاک بافڵەوە جێبەجێی بکات".
عومەر شێخ موس: لەسەر رێباز و پرەنسپە سەرەتاییەکانی یەکێتی بەردەوام بن
لەبەشێکی تری دیدارەکە لەرێگای ڤیدیۆیەکەوە پەیامی عومەر شێخ موس دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەشکرا و رایگەیاند: "بەگەرمی پیرۆزبایی بەستنی ئەم دیدارەتان لێ دەکەم، هیوای سەرکەوتنی گەورەتان بۆ دەخوازم، ئومێدەوارم لەسەر رێباز و پرەنسپە سەرەتاییەکانی یەکێتی بەردەوام بن بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان، ئاڵای یەکێتی هەموو کات بەرز و شەکاوە بێت، سەرکەوتوو سەرفراز بن".
سەرۆککۆمار: یەکێتی حزبێکی گەورە و گرنگی کوردستانی عیراقە
دواتر د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق رایگەیاند: "یەکێتی حزبێکی گەورە و گرنگی کوردستانی عیراقەو مێژویەکی پڕ سەروەری هەیە، تکا ئەکەم ئەو مێژووەی بپارێزرێت و رێگا بەکەس نەدرێت ئەو مێژووە تێکبدات، یەکێتی لەسەرەتای دروستبونییەوە باوەڕی بە دیموکراسی و مافی چارەی خۆنوسی و مافی مرۆڤ هەبووە، رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری لە پاراستنی مافی کورد و پێشکەوتنی بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربونەوەی دیکتاتۆریەت هەبووەو هەزاران رۆڵەی تێکۆشەری شەهید بووە".
"هەزاران سڵاو بۆ رۆحی سەرکردەی مەزن سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی یەکێتی، هیوادارم هەموو کاتێک لە ئامۆژگارییەکانی سەرۆک مام جەلال سود وەربگرین کە یاد و یادگاری بەچەند کتێبێکیش باس ناکرێت، مام جەلال نەک هەر بۆ گەلی کوردستان بەڵکوو بۆ ئازادی هەموو خەڵکی عیراق لەدەست رژێمی دیکتاتۆری بەعس خەباتی دەکرد، سەرکردەیەکی ئازا و رۆشنبیر و لێهاتوو ئازادیخواز بوو، باوەڕی بە کوردستانیەتێکی یەکگرتوو هەبوو، لەسەرمانە هەموو لایەک بەڕێزەوە باسی تێکۆشانی ئەو سەرکردەیە بکەین و ئامۆژگارییەکانی پەیڕەو بکەین، داواتان لێدەکەم کەلەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال بڕۆین و سیاسەتی چەپکە گوڵەکە لەناو یەکێتی و لەگەڵ دۆستەکانمان جێبەجێ بکەین و یەکێتی بپارێزین و هەوڵی بەرەو پێشبردنی بدەین و یەکێتی بە گەورەیی بهێڵینەوە، چونکە بۆ پاراستنی هاوسەنگی دیموکراسی لەهەرێم و عیراق زۆر گرنگە"، سەرۆککۆمار وای وت.
شێخ جەعفەر: یەکێتییەکەمان دەچێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و یەکڕیزی
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجوومەنی پارستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "دیداری دووەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ ئێمە نەک تەنها بۆ بۆچون و رێکخستن لێرەین، بەڵکو بۆ نوێبوونەوە کۆدەبینەوە و چەند گونجاوە کە ئێمە لە بەهاردا ئەم کارە بکەین، وەرزێکە کە هەڵگری رووحی گەنجبونەوە و هیوا و لە دایکبون و نوێبوونەوەیە، وەک چۆن ئێستا شاخ و دۆڵەکانی کوردستان دوای زستانێکی دور و درێژ زیندوو دەبنەوە، یەکێتییەکەشمان دەچێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و یەکڕیزی و یەک ئامانجەوە، خوشک و برایان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاسودەیی لەدایک نەبووە، لەخۆڕاگریدا لەدایکبووە، لە هۆڵەکانی ئیمتیازاتدا دروست نەبووە، بەڵکو لە دۆڵی شۆڕش و دڵی خەونبینیندا دروست بووە، یەکێتیی ساڵی 1975 دامەزرێنراوە".
"دەنگی گۆڕانکاری و هێمای کوردستانێکی پێشکەوتنخواز و ماڵی ئەو کەسانە بووە کە بوێری خەیاڵی میللەتێکی ئازاد و دیموکراتیان ویستووە، لە رۆژانی سەرەتای شاخەوە، بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری بۆ دامەزراندنی سەربەخۆیی گەلەکەمان هەنگاویناوە، لە دوای راپەڕینی ساڵی ٩١ لە دروستکردنی ئیدارەیەکی کوردستانیەوە تا بەشداریکردنمان لە داڕشتنی دەستوری عیراقدا یەکێتی دەست بە دەست لەگەڵ خەڵکدا رۆیشتووە، گونجان و پەرەسەندن وە هەمیشە بەرگری لە بنەماکانی دادپەروەری یەکسانی و کەرامەتی میللەتەکەمان کردووە"، شێخ جەعفەر وای وت.
ئەوەشی راگەیاند: "ئێمە بە زریانی سەختدا تێپەڕین کاتەکانی ململانێی ناوخۆیی هەڕەشەی دەرەکی و تەحەدای سیاسی بەڵام هەموو جارێک بە خۆڕاگری هەستاوینەتەوە، بۆچی؟ چونکە ئێمە لە حزبێک زیاترین ئێمە دیدگایەکین بۆ شەهیدان و بەڵێنێکین بۆ گەلەکەمان و نەوەکانی داهاتوو، ئەم مەکۆیە تەنها کۆبوونەوەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ کردنەوەی بۆ ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکمانداوە، ئەمڕۆ لە خاڵی وەچەرخاندندا وەستاوین، کوردستان و ناوچەکە رووبەڕوی تەحەدای ئاڵۆزی دەبنەوە، لە ڕووی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی، گەلەکەمان چاوەڕوانی وەڵام دەکات، بۆ سەقامگیری بۆ هەڵوێستی بۆ ئەو بەرپرسیارێـتیەی ئێمە وەک یەکێتیی گوێبگرین و سەرکردایەتی بکەین، پابەندبونمان بە بەڵێنەکانمانەوە بین، پێویستە دەرگای دەرفەتەکان بکەینەوە، چاکسازی لە دام و دەزگاکاندا بکەین، ئیلهام بەخش بین بۆ داهێنان لە ناو حزبدا، با یەکێتیی ببێت بە ماڵی ووزە و بیرۆکەی بوێر و هێزی بەکۆمەڵ، بەمشێوەییە رێز لە رابردوومان دەگرین، بەمشێوەییە داهاتوومان مسۆگەر دەکەین، با پێکەوە بەرەو پێشەوە بچین، سەرمان بەرزبێت، دڵمان یەکگرتوو چاومان لە ئاسودەیدایە، بژی یەکێـتیی، بژی رووحی ئازادی، بژی خەڵکی کوردستان، سوپاس بۆ ئێوەش".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP