کاروان گەزنەیی: ئه‌م دیداره‌ ستراتژی نوێی یەکێتی دادەڕێژێتەوە

کوردستان
17:39 - 2025-04-23

دووەمین دیداری گشتی یەکێتی لە سلێمانی بەردەوامە و وتەبێژی دیداریش رایدەگەیەنێت:" دیدار ستراتژی نوێی یەکێتی دادەڕێژێتەوە"

کاروان گەزنەیی وتەبێژی  دووەمین دیداری یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" رۆژی یەکەمی دیدار زۆر باش بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە، ئەمەش جێگای خۆشحاڵییە کە حزبێکی زیندوو دیدار دەبەستێت و دیدو بۆچوونی کادرەکانی وەردەگرێت بۆ داڕشتن و ستراتیژی دانانی بەردی بناغەی حکومەتی حوکمڕانێکی باش بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

 ئاماژەی بۆئەوەشکرد:" ئامانجی ئەم دیدارە بریتییە لە بەشداریپێکردنی کادر و هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئۆرگان و  رێکخراوە جیاجیاکان، بۆ ئەوەی بتوانین پەیکەربەندی حزبی و سیاسەت و سیاسەتی ستراتیژی نوێ بە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە رۆژانە دەیبیستین و دەیبینین، خۆمان ئامادە بکەین بەدیدێکی نوێ تا بتوانین وەرەقەیەک ئامادە بکەین خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستانی پێبکەین".

روونیشی کردەوە:" دیدارەكه‌ بەردەوامە و لیژنەکان لە گفتوگۆی چڕدان، بۆ ئەوەی بتوانین کۆی راو سەرنج و پێشنیارەکان کە بەرئەنجامی نۆ کۆنفرانس و بەشداری 12 هەزار و 500 کادر و زیاتر لە 70 پرۆژە و نزیکەی دوو هەزار پێشنیار، هەموویان دەکرێنە راسپاردە و رادەستی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەمانی دەکەین".

لە کۆتایشدا، کاروان گەزنەیی وتەبێژی دیداری یەکێتی رایگەیاند:" جەنابی سەرۆک بافڵ بە روونی ئاشکرایکرد، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکات، بەڵام گۆڕانکارییەکان لەسەر تێبینی و سەرنجی هەڤاڵانمان وەستاوە، گۆڕانکارییەکانیش لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئەنجام دەدرێن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP