دەرچوواندنی یەکەمین ژمارەی (رۆژنامەی کوردستان)، کە 127 ساڵ لەمەوبەر دەرچووە، هاورۆژی 22/4 کراوەتە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردستان، لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر 1000 رۆژنامەو گۆڤار مۆڵەتی رەسمییان پێدراوە، بەڵام تەنها 12 رۆژنامەی رۆژانە و هەفتانەی حزبی و نیمچە ئەهلی دەردەچن، سکرتێری لقی سلیمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانیش دەڵێت:" رۆژنامەگەریی کاغەز لەهەرێم لە پاشەکشەدایە".
کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان بە PUKMEDIA ی راگەیاندووە:" زیاتر لە 1000 رۆژنامە و گۆڤار لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنیان لە حکومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تا 2025 وەرگرتووە، بەڵام لەو ژمارەیە ئێستا 12 رۆژنامە و نزیکەی 30بۆ 40 گۆڤار دەردەچن کە هەفتانە و مانگانەو وەرزی و ساڵانەن".
" گۆرانکارییە خێراکانی تەکنۆلۆژیای میدیا و سۆشیالمیدیا و قەیرانی دارایی ، کاریگەریی خێرا و راستەوخۆیان کردۆتە سەر رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی کاغەزیی لە هەرێمی کوردستان ، ئاستەنگی دارایی و خوێنەریان دروستکردووە، بۆیە بەبەراورد بە قۆناغەکانی دیکە رۆژنامەی کاغەزی لە هەرێم لە پاشەکشەدایە". سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان وایوت.
ئەمڕۆ 22/4/2025یادی 127هەمین ساڵڕۆژی دەرچواندنی یەکەمین رۆژنامەی کوردستان لە هەرێم دەکرێتەوە، حکومەتی هەرێمیش لە رۆژمێری رەسمی بۆنە و پشوەکانیدا وەک بۆنەیەی رۆژنامەنووسی یادی دەکاتەوە، بەڵام دۆخی رۆژنامەنووسی کاغەز لە پاشەکشەی بەرچاودایە.
رۆژی 22ی 4ی 1898 دا، لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان ژمارە 1ی (رۆژنامەی کوردستان) لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP