بارسا دووبارە لە دایک بۆیەوە

وەرزش
15:11 - 2025-05-19



وتار :ـ ئەنجام شەوالی 

یانەی بارسێلۆنا، رەمزی کەتەلۆنیا و ناوێکی پڕ لە شکۆ و ناسنامە، بۆ جاری بیست و ھەشتەمین لەمێژووی خۆیدا تاجی لالیگای ئیسپانیای بەرزکردەوە، وەک شانازییەکی بێوێنە دڵی ملیۆنان هاندەری خۆی لە جیهاندا شاد کرد. ئەم یانەیە، کە بە درووشمی "زیاتر لە یانەیەک" ناوەندێکی هەست و سۆزی کاتالونی پێکهێناوە، لە وەرزی ٢٠٢٤/٢٠٢٥دا بە سەرپەرشتی هانسی فلیک، بە بەبەشداری کۆمەڵێک ھەرزەکار و تازەلاو و بە ئەنجامدانی دەیان یاری پڕ لە جوانی و هونەر، بۆمان دەرکەوت بارسا بارسای پێشوو نیە و ئیدی بارسا بارساکەی پێشووترە , وەک بڵێی بلوگرانای 2009 زیندووبووبێتەوە جارێکی دیکە ھاندەرانی کاتەلان هەموو خەمەکانی چەندساڵی پێشوویان لەبیر فڕاند و بەدیدی خۆیان داستانێکی نوێیان بۆ مێژووی بارسا بەرچاوکەوت .یانەی بلوگرانا لە یاریگای کامپ نووی ئەفسانەییەوە تا کۆڵانەکانی کاتالونیا چەمکی مێژووی بۆخۆی پەیداکردووە ,  ئێستا بارسا وەک ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی تۆپی پێدا دەدرەوشێتەوە و دەتوانین بڵێین لە ئێستادا لەتۆپ.پێنجی تۆقێنەرترین یانەکانی جیھانە , لە بەهرە و جوانییەکانی یاریزانانی وەک لیۆنێل مێسی، خوان گامبەر، یۆهان کرویف، و تێری ھێنری و رۆناڵدینیۆ بۆ سەردەمی لامین یامال و فێرمین لۆپێز و رافینیا و لیڤاندۆڤیسکی ، وەک گەوهرێکی گرانبەها لە تاجی ئەم یانەیەدا دەدرەوشێنەوە. لەپێشوودا یۆهان کرویف دەربارەی کەوتنی بارسا وتی  "بارسێلۆنا تەنها یانەیەک نییە، بەڵکو هەستێکە کە لە دڵەکانەوە دەژی ، ئەوان ناکەون چونکە لاماسیا زیندووە " ئەم وشانەی کرۆیڤ لەمڕۆدا بەرھەمەکەی چندرایەوە و هەقبوونی خۆی سەلماند و جارێکی دیکە نارناوی لالیگایان بە دەستەکانیان شادکردەوە  , کە ئەمەش وایکرد بە شەو و ڕۆژ لە ھەرێمی کەتەلۆنیا ئاھەنگ و دڵخۆشی سازبکرێت , چونکە بارسا نەک تەنها یانەیەک بێت ، بەڵکو شوناسی گەلێکە و لۆگۆی یانەکە لە رۆحی تاک بەتاکی ھەشت ملیۆن دانیشتوانەکەی ھەرێمی کەتەلۆنیا دەژیت. لە سەدەی پێشوودا بارسا کەوتبۆ ژێر دەسەڵاتی چەوسانەوەی ڕژێمی فرانکۆ، کاتێک ناسنامە، زمان، و کەلتووری کاتالونی قەدەغە بوو، بەڵام یانەی بارسێلۆنا بووە سەنگەرێکی بەرخۆدان، کە لە کامپ نوو خەباتێکی بێوچانی کرد و بووە هێمای ئومێد و سەربەرزی. لەو سەردەمە سەختەدا، یاریگای یانەکە بووە شوێنێک کە گەلی کەتەلۆنیا ئازادییەکانی خۆیان لێ دەدۆزییەوە، و هەر یارییەک وەک هەڵسووڕانێکی سیاسی دەرگای ئومێدیان دەکردەوە. ئەم یانەیە، کە بە تیکی-تاکای جادوویی و بۆچوونە هونەرییەکانی ناسراوە , نەوە لە دوای نەوە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا کێشاوە، لەمساڵدا وەک قەڵایەکی شکۆمەند سەرکەوتوو و بەبەرگێکی نوێوە دەرکەوت ، کە نەک تەنها لەسەر یاریگا، بەڵکو لە دڵی هاندەرانیشدا جێگەیەکی ئەفسانەیی بۆخۆی کردەوە . ئەم نازناوەی لالیگا، کە بە ئیرادەیەکی ئاسنین و خەباتێکی 38 ھەفتەیی پڕ لە ئوومێد بەدەست هات، شاهیدی زیندووی ئەو خۆڕاگری و هەوڵە بێوچانەیە کە بارسێلۆنا بە درێژایی سەدەیەک پێی ناسراوە. لە هەر گۆشەیەکی کاتالونیا، ناوی بارسا وەک شەماڵێکی گەرم دڵەکان گەرم دەکات، و ئەم سەرکەوتنە نوێیە و بەرزکردنەوەی نازناوی لالیگا وێنەیەکی زیندووی ئەو ئەڤین و سۆزەیە کە ئەم یانەیە بە مێژووی جیهانی تۆپی پێیان بەخشیوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP