ئەنجومەنی نوێنەران راگرتنی مووچەی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هاته‌ده‌نگ

عێراق
21:08 - 2025-06-04

 
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پێشێلکاریی دەستوورە و داواش دەکات وەزارەتەکە لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە.

لە راگەیەندراوێکیدا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە:" نیگەرانی زۆر دەردەبڕین بەرامبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەم رێکارە زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت".

راشیگەیاندووە:" بڕیارەکە پێچەوانەی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیە کە گەرەنتی پاراستنی مافی هەموو هاووڵاتیانی لە سەرجەم پارێزگاکان کردووە".

ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە وەزارەتی دارایی دەکات" لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە بەتایبەت  کە ئێستا لە بەردەم جەژنی قوربانداین، پێویستە بژێوی خەڵک و شایستە داراییەکانیان بە پرسە سیاسییەکان و بابەتە تەکنیکییەکانەوە نەبەسترێنەوە، هەروەها دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و دۆسیەکان و چارەسەرکردنی پرسەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر".

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی5ی 2025 وەزارەتی دارایی عیراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە، کە چیدیکە پارە بۆ مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ نانێرێت، هۆکارەکەشی بۆ نەمانی بەشە پشکی هەرێم و پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە رادەستکردنی داهاتەکان گێڕایەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP