ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەغداد تائێستاش پێیوایە هەرێم پابەندییەکانی خۆی وەکو پێویست جێبەجێ نەکردووە.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوێنێ دادوەرانی باڵای عێراق پاش بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە مەککەوە گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد و لە رۆژانی داهاتوودا، کار لەسەر ئەو فەرمانە وەلائییە دەکەن، کە بڕیارە دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە دەریبکات.
وتیشی، ئەوەی ماوە، دەکەوێتە سەر هەڵوێستی سیاسیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد و، پێویستە هەردوولا پابەندییەکانیان جێبەجێبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەیەکی نزیکدا، فەرمانی وەلائی بۆ ئەو داوایەی فەرمانبەرانی هەرێم دەردەکرێت.
گەڕانەوەی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە، سکاڵایەک لە دادگاکە تۆمارکرابوو، بۆ دەرکردنی فەرمانێکی وەلائی دژی بڕیاری راگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
پاش تۆمارکردنی سکاڵاکە، دادگای باڵای فیدراڵی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە زووترین کات سەبارەت بەو داواکارییەی پێشکەشیان کراوە بڕیار دەدەن.
بڕیاردان لەسەر دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دواخرا، بەهۆی ئەوەی سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی دادگای فیدراڵی لە حەج بوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP