یەكێتی پڕۆژەیەك بۆ بە جینۆساید ناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجە پێشكەش بە پەرلەمانی سویسرا دەكات

کوردستان
18:15 - 2025-06-04


یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پڕۆژەیەك بۆ بە جینۆسایدناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجە پێشكەش بە پەرلەمانی سویسرا دەكات و ئەندامێکی سەرکردایەتیش ئامانجی پرۆژەکە روون دەکاتەوە.

 سالار سەرحەد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە كوردستانییەكان لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند:" یەكێتی ئەم پرۆژەیەی وەك حزبێكی ئەندام لە رێكخراوی ئینتەرناسیۆنال پێشكەش كردووە كە ئامانجی ئەوەیە پەرلەمانی سویسرا هاوشێوەی پەرلەمانی بەریتانیا، هۆڵندا، سوید و نەرویژ بە رەسمی دان بەو تاوانەدا بنێت كە لە دژی گەلی كورد ئەنجامدرا".

بەپێی پرۆژەكە، له‌ كمیابارانی هەڵەبجە كە زیاتر لە (5000) كەس شەهیدكران و هەزاران كەسی  دیکەش بریندار كران، دەبێت وەك "تاوانێكی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید" بناسرێت.

بڕیارە پڕۆژەكە لە كۆمیتە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی سویسرا، بە تایبەت كۆمیتەی (یاسا و دادگەری)، باس بكرێت تا بخرێتە بەرنامەی پەرلەمانی سویسرا، بۆ داننان بە كیمیا بارانی هەڵەبجە وەك تاوانێكی جینۆساید.

لەلایەکی دیکەوە،گروپی پەرلەمانتاران بۆ داكۆكیكردن لە مافی نەتەوەی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان لە پەرلەمانی سویسرا، پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆژەكەی یەكێتی نیشاندا بۆ بەجینۆساید ناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 2ی ئەم مانگە، وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك ئەندام لە رێكخراوی ئینتەرناسیۆنال بانگهێشتی پەرلەمانی سویسرا كرا بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆی كۆمیتە تایبەتەكانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەسەر پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP