پێگەی میدل ئیست ئای، لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویكردوەتەوە، هەفتەی رابردو تورکیا و هەسەدە، بە نێوەندگیری ئەمریکا گفتوگۆی راستەوخۆیان لەسەر ئایندەی سوریا ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەردولا تاتوێی کشانەوەی ئەمریکایان لە سوریا کردوە، وێڕای رادەستکردنی زیندان و کەمپەکانی دەستبەسەركردنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان.
بەگوێرەی پێگە بریتانیەكە، لە کۆبونەوەکەدا کە بەرپرسانی ئاست مامناوەندی هەردولا ئامادەی بون، تیشک خراوەتە سەر چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو سوپای نوێی سوریا، لە ژێر فەرماندەیی دیمەشقدا.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پێگە بریتانیەكەی راگەیاندوە، بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان (هەسەدە) و حكومەتی دیمەشق دەكەین لەگەڵ چۆنیەتی گەڵاڵەكردنی وردەكارییەكانی".
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی تورکیاش بە "میدل ئیست ئای" راگەیاندوە، رەنگە حکومەتی تورکیا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی رەسمی قبوڵبكات، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بتوانن هێزێکی ئاسایشی ناوخۆیی لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان هەبێت و حکومەتی خۆجێی لەگەڵ دەسەڵاتە شارەوانییەکان بەڕێوەببەن، بەڵام هەر هەنگاوێکی کوردەکان بەرەو ئۆتۆنۆمی رەسمی، وەک هێڵی سور دەمێنێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP