کەناڵی ئینگلیز، بووە بە رێڕەوى پەڕینەوەى هەزاران کەس لە فەڕەنساوە
بۆناو خاکى بەریتانیا. کەناڵەکە ساڵانە دەبێت بە گۆڕستانى سەدان کۆچبەر، کە بە بەلەمى
قاچاخ لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەبرێنە بەریتانیا.
بەریتانیا و فەڕەنسا رێکارێکی نوێیان گرتووەتەبەر بۆ سنووردارکردنی
کۆچبەریی نایاسایی ، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا
و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رێککەوتنێکی نوێی ئاڵوگۆڕی کۆچبەران لەنێوان هەردوو
وڵاتدا ئەنجامبدەن.
ناوەرۆکی رێککەوتنەکە بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی کۆچبەرێک کە بە
قاچاخ دەگاتە بەریتانیا، بە کۆچبەرێکی خاوەن دۆسیەی یاسایی، کە لە فەڕەنسایە و چاوەڕێدەکات
لەگەڵ خێزانەکەی لە بەریتانیا یەکبگرێتەوە، جگە لەوەش بەریتانیا بڕی 480 ملیۆن پاوەن
بۆ بەهێزکردنی رێوشوێنەکانی رێگرتن لە هاتنی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی تەرخاندەکات.
هەرچەندە رێککەوتنەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە، بەڵام ئامانجەکەی ئەوەیە
رێگری لە کۆچبەران بکات لە گرتنەبەری رێگای مەترسیداری بەلەمە قاچاخەکان و باجی هەڵبژاردنی
ئەو رێگا مەترسیدارە و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ فەڕەنسا، دوای گەیشتنیان
بە بەریتانیا، ئەمەش نوێترین هەنگاوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنی دیپۆرتکردنەوە لەنیوان
بەریتانیا و وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپادا، لەدوای دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتییەکە.
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کۆچبەرانی بەریتانیا کە بە "هۆم
ئۆفیس" ناسراوە، پەڕینەوە بۆ بەریتانیا لەئەمساڵدا رووی لە هەڵکشانە و ژمارەیەکی
پێوانەیی تۆمارکردووە، بە جۆرێک 17 هەزار و 817 کۆچبەر لە شەش مانگی رابردوودا تۆمارکراون،
لەکاتێکدا لە ساڵی پاردا 12 هەزار و 313 کۆچبەر، لە 2023دا 10 هەزار و 518 کۆچبەر
و لە ساڵی 2022شدا 11 هەزار و 690 کۆچبەری نایاسایی لە فەڕەنساوە و بە کەناڵی ئینگلیزدا
پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.
بەگوێرەی رێکخراوی چاودێریی کۆچبەران، لە ساڵی 1999دا زۆرترین کۆچبەر
لە کەناڵى ئینگلیز خنکاون، کە ژمارەیان 400 کۆچبەر بووە، ساڵی رابردووش 78 کۆچبەر
و لە شەش مانگى رابردووشدا 15 کۆچبەری نایاسایی لەکاتى هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ بەریتانیا
خنکاون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP