میدیای رەسمیی سوریا: دەنگۆی شکستپێهێنانی پیلانی کوشتنی ئەحمەد شەرع بێ بنەمایە

جیهان
17:56 - 2025-06-29

میدیای رەسمی سووریا هەواڵی شکستپێهێنانی پیلانێکی بۆ کوشتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی ڕەتکردەوە و دەڵێت، هەواڵەکە ڕاست نییە و بێ بنەمایە.

ڕۆژی شەممە، میدیاکانی تورکیا بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، لەمیانی سەردانەکەی ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ پارێزگای دەرعا، پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی هەبووە، بەڵام هەواڵگریی تورکیا بە پیلانەکەی زانیوە و شکستی پێهێناوە.

ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی ڕاگەیاندنی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، "ئەو هەواڵەی لە چەند دەزگایەکی میدیایی بڵاوکراوەتەوە و تیایدا باس لەوەکراوە سوپای سووریا و دەزگای هەواڵگریی تورکیا شکستیان بە هەوڵێکی تیرۆرکردنی سەرۆک ئەحمەد شەرع لەمیانی سەردانەکەی بۆ دەرعا هێناوە، دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە".

11ـی ئەم مانگەش تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، داعش هەوڵی ڕاکێشانی بەشێک لە چەکدارەکانی دەستەی تەحریر شام دەدات و چەکدارە توندڕەوەکان کە لە سیاسەتەکانی سەرۆکی سووریا ناڕازین، ڕەنگە هەوڵی تیرۆرکردنی بدەن، بۆیە پێویستە سیستمێک بۆ پاراستنی ئەحمەد شەرع ڕێکبخەین.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP