پەروین بوڵدان بۆ سری سورەییا: ئەمڕۆ چەکەکان رادەست دەکرێن

کوردستان
12:32 - 2025-07-11

 
پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد.
وەفدێکی دەمپارتیش گەیشتنە ئەو جێگەیەی کە گرووپێکی گەریلا بەناوی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' وەکو "نیازپاکی" بۆ پرۆسەی ئاشتی، لەمەراسیمێکدا چەکەکانیان دادەنێن.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری (دەمپارتی) لەبارەی کۆچکردوو، سری سورەییا ئۆندەر دەڵێت: ''بە ئاسوودەیی بخەوە، ئەمڕۆ چەکەکان رادەست دەکرێن''.
ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکاری پڕۆسەکەش قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێت: ماوەی پێنج رۆژە هێزێکی زۆر لە ئەشکەوتی جاسەنە جێگیرکراوە و ئەو شوێنەش بۆیە دیاریکراوە چونکە لەڕوی سروشتەوە لە قەندیل دەچێت و بڕیارە گەریلاکان بە مەڕاسیمێک لە ئەشکەوتەکە بێنە بەردەمی میوانەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو ئەو هێزە لە هەمان شوێن بە هێلیکۆپتەر بگوازرێنەوە بۆ شرناخ و دواتر بچنە تورکیاوە، بەڵام پڕۆسەکە تائێستا تاکلایەنەیە و گەریلاکان تەنها چەکەکان دادەنێن و دەگەڕێنەوە نێو ئەشکەوتەکە، بە واتایەکی دیکە ئەوەی ئێستا تەنها رادەستکردنی چەکەکانە نەک رادەستکردنی خۆیان.
ئەشکەوتی جاسەنە کە ئەو مەراسیمەی لێ بەڕێوەدەچێت، بە دووریی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانی لە ناوچەی سورداش لەسەر رێگەی سلێمانی - دووکان. جاسەنە لە پشتی گوندی کانی خان، لە بناری چیایەکی گەورە هەڵکەوتووە.
ئەشکەوتەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە شۆڕشی کورددا، پەناگەی شێخ مەحموودی حەفید بووە. هەروەها لە شۆڕشی نوێیدا بۆ پێشمەرگە گرینگ بوو؛ لە دژی رژێمی بەعس پەناگەیەکی گرینگی هێزەکانی پێشمەرگە بووە لە ناوچەی سورداش و دووکان و زنجیرە چیای پیرەمەگروون.
 
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP