لەگەڵ تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەستبەکاربوونەوەی
دۆناڵد ترەمپ وەک 47ــەمین سەرۆکی ئەمریکا، کۆشکی سپی لیستێکی درێژ لە دەستکەوتە
بانگەشە بۆکراوەکانی بڵاوکردەوە کە ئاماژە بە قۆناغێکی "پڕ لە ڕووداوی
گرنگ" دەدەن لە مێژووی سەرۆکایەتییەکانی ئەمریکادا.
ترەمپ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی بە سەرکەوتو
ناو دەبات و دەڵێت، بەهۆی ئەوەوە چەندین جەنگ لە جیهاندا ڕاگیراون و ئێستا لەسەر
ئاستی جیهان ئەمریکا وڵاتێکی ڕێزلێگیراوە.
گرنگترین دەستکەوتەکانی ئیدارەی ترەمپ لە شەش
مانگی سەرەتایی خوولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ بەپێی کۆشکی سپی ئەمانەن:
کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکان: کۆنگرێس پرۆژەیاسایەکی
گەورەی بە ناوی " پرۆژەیاسای گەورەی جوان" پەسەندکرد کە گەورەترین کەمکردنەوەی
باجی لە مێژووی ئەمریکادا لەخۆگرتبوو. هەروەها پاکێجێکی نۆ ملیار دۆلاری بۆ کەمکردنەوەی
خەرجییەکان پەسەندکرد، کە بەشێک لە بودجەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و چەند دەزگایەکی
ڕاگەیاندن.
سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش: ئیدارەی ترەمپ هەڵوێستێکی
تووندی بەرامبەر ئێران گرتەبەر و هەڕەشەی سەپاندنەوەی سەرجەم سزاکانی ئەمریکای
کرد. هەروەها فەرمانێکی فراوان بۆ قەدەغەکردنی گەشتکردن لە نزیکەی 20 وڵاتەوە دەرکرا
کە بە "مەترسیدار" بۆ تیرۆر و خراپ بەکارهێنانی ڤیزا دانرابوون. لەلایەکی
دیکەوە، ناکۆکی و نیگەرانی لە نێوان کۆشکی سپی و ئیسرائیلدا سەبارەت بە سیاسەتەکانی
سەرۆکوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بوو، هەروەها ترەمپ
ئاگربەستی لە نێوان چەندین وڵات ڕاگەیاند، لەوانە هیندستان و پاکستان، ئێران و ئیسرائیل.
کۆچ و ئاسایشی سنوورەکان: ئیدارەی ترەمپ دەستیکرد
بە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی و تووندکردنەوەی ئاسایشی
سنوورەکان.
ئابووری و وەبەرهێنان: کۆشکی سپی بانگەشەی ئەوەی
دەکرد کە سیاسەتەکانی ترەمپ بووەتە هۆی بوژانەوەی کەرتی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا. کۆمپانیای Nvidia بەڵێنی وەبەرهێنانی سەدان ملیار دۆلاری
لە کارگەکانی ناوخۆی ئەمریکا دا ، وەک
"سەرکەوتنێک بۆ پاڵنەرەکانی ترەمپ بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئەمریکی" وەسفکرا.
دامەزراندنی وەزارەتی نوێ: وەزارەتێکی نوێ بە ناوی
"وەزارەتی کارامەیی حکومەت" دامەزرا کە لە سەرەتادا لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە
بەڕێوەدەبرا و ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییە بەفیڕۆدراوەکانی حکومەت بوو و بە دەیان
ملیار دۆلاری بۆ خەزێنەی ئەمریکا گەڕاندەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP