نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیرانی
ئیسرائیل بەهۆی ژەهیراویبوونی بە خۆراک، باری تەندروستیی تێکچووە و نەیتوانیوە بەشداریی
کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەشی بکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل،
نەتانیاهوو شەوی رابردوو باری تەندروستیی تێکچووە، لە ئێستادا چارەسەری پزیشکی وەرگرتووە
و تەندروستیی باشترە.
نووسینگەکەی دەشڵێت، نەتانیاهوو تاوەکو سێ رۆژی دیکە
لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و بە ڕێگەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆبوونەوەکانی دەکات.
نەتانیاهوو تەمەنی 75 ساڵە و بەدەست کۆمەڵێک گرفتی تەندروستییەوە
دەناڵێت، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو نەشتەرگەریی پرۆستاتی بۆکرا و پێشتریش
لە مانگی ئازاردا نەشتەرگەریی ریخۆڵەی بۆکراوە و لە هەمان مانگدا بەهۆی توشبوونی بە
پەتا، چەندین رۆژ نێردرایە ماڵەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، پزیشکە تایبەتەکانی ئاماژەیان
بۆ ئەوەکردووە، نەتانیاهوو ماوەی چەندین ساڵە کێشەی دڵیشی هەیە و بەهۆیەوە چەند
جارێک چارەسەری پێدراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP